خواردنی پاک و گڵاو
١ ئێوە ڕۆڵەی یەزدانی پەروەردگارتانن، لەشی خۆتان بریندار مەکەن و ناوچەوانتان مەتاشن لەبەر مردوو، ٢ چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان و یەزدانیش ئێوەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببنە گەنجینەیەکی تایبەت بۆ ئەو لە سەرووی هەموو ئەو گەلانەی لەسەر ڕووی زەویدان.
٣ هیچ شتێکی قێزەون مەخۆن. ٤ ئەمە ئەو ئاژەڵانەن کە دەیخۆن، گا و مەڕ و بزن، ٥ ئاسک و مامز و ئاسکە سوورە و بزنەکێوی و کەڵەکێوی و ئاسکەکێوی و مەڕەکێوی، ٦ هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرت بێت و کاوێژ بکات، ئەوە دەخۆن، ٧ تەنها ئەمانە ناخۆن لەوانەی کاوێژ دەکەن و سمیان دوو کەرتە، وشتر و کەروێشک و گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکەن، بەڵام سمیان کەرت نییە، لەبەر ئەوە بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆتان گڵاوە. ٨ هەروەها بەرازیش، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، لەبەر ئەوە بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆتان گڵاوە، نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان* بدەن.
٩ لە هەموو ئەوانەی لەناو ئاوەکانیشن ئەمانە دەخۆن، هەموو ئەوانەی باڵ و پوولەکەیان هەبێت دەیخۆن، ١٠ بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت نەیخۆن، بۆ ئێوە گڵاوە.
١١ هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن، ١٢ بەڵام ئەمانەیان لێ ناخۆن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش، ١٣ واشەی سوور و واشەی ڕەش، هەموو جۆرەکانی شاهین و شمقاڕ، ١٤ هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش، ١٥ کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز، ١٦ کوندەپەپووی بچووک و کوندەپەپووی گەورە و کوندەپەپووی سپی و ١٧ کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر، مەلی ماسیگرە، ١٨ لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوولەسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.
١٩ هەموو مێرووێکی باڵدار بۆ ئێوە گڵاوە و ناخورێت. ٢٠ هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن.
٢١ هیچ ئاژەڵێکی مرداربووەوە مەخۆن، بیدەن بەو نامۆیانەی لە هەر شارۆچکەیەکتان دەژیێن، ئەوان دەیخۆن، یان بیفرۆشنە بیانییەکان، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.
هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.
دەیەکەکان
٢٢ هەموو بەروبوومی کشتوکاڵتان کە ساڵ بە ساڵ لە کێڵگەکانتان وەبەردێت، بە تەواوی دەیەکی لێ دەخەنەلاوە. ٢٣ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت، دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان و نۆبەرەکانی مانگا و مەڕەکانتان دەخۆن، تاکو فێر بن هەردەم لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن* . ٢٤ بەڵام ئەگەر ڕێگاکە بۆتان دوور بوو و یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردبوون و نەتانتوانی دەیەکەکەتان بهێنن، چونکە ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت لێتان دوور بوو، ٢٥ ئەوا بە زیو بیفرۆشن و زیوەکە بپێچنەوە لە دەستتان و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت. ٢٦ جا زیوەکە خەرج بکەن لە هەموو ئەوەی حەزتان بۆی دەچێت، لە مانگا و مەڕ و شەراب و مەی و هەموو ئەوەی گیانتان لێتان داوا دەکات و لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان بیخۆن و ئێوە و ماڵەکانتان دڵخۆش بن. ٢٧ ئەو لێڤییانەش کە لە شارۆچکەکانتانن بەجێیان مەهێڵن، چونکە بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە.
٢٨ لە کۆتایی هەر سێ ساڵێکدا هەموو دەیەکی بەروبوومی ئەو ساڵەتان دەربهێنن و لەناو شارۆچکەکانتان دایبنێن، ٢٩ لێڤییەکانیش کە هیچ بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە، لەگەڵ ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لە شارۆچکەکانتانن بێن و بخۆن و تێر ببن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کردارێکی دەستتان کە دەیکەن بەرەکەتدارتان بکات.