نەزرکردن
١ هەروەها موسا بە سەرۆک هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێی کردووە، ٢ ئەگەر پیاوێک نەزرێکی بۆ یەزدان کرد یان سوێندی خوارد بۆ پابەندبوون بە شتێک، با قسەی خۆی نەشکێنێت و بەگوێرەی هەموو ئەوەی گوتوویەتی ئاوا بکات.
٣ «بەڵام ئافرەت ئەگەر نەزرێکی بۆ یەزدان کرد و بە شتێک خۆی پابەند کرد، لە ماڵی باوکی، لە کاتی کچێنی و ٤ باوکی گوێی لە نەزرەکەی و ئەو شتە بوو کە خۆی پێ پابەند کردووە، ئەگەر خۆی لێ بێدەنگ کرد، ئەوا هەموو نەزرەکانی و هەموو ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت. ٥ بەڵام ئەگەر باوکی لە ڕۆژی بیستنی نەیهێشت، ئەوا هەموو نەزر و ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە ناچەسپێت، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت، چونکە باوکی نەیهێشتووە.
٦ «ئەگەر مێردی هەبوو و نەزری کرد یان بە دەمی خۆی ئەو شتەی گوت کە خۆی پێ پابەند دەکات و ٧ مێردەکەی بیستی و لە ڕۆژی بیستنەکەی بێدەنگ بوو، ئەوا نەزرەکانی دەچەسپێت و ئەو شتانەش کە خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت. ٨ بەڵام ئەگەر مێردەکەی لە ڕۆژی بیستنی نەیهێشت، ئەوا نەزرەکەی بەتاڵ دەبێتەوە، هەروەها ئەو شتەی بە دەمی خۆی گوتی کە خۆی پێ پابەند دەکات، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت.
٩ «بەڵام نەزری بێوەژن یان تەڵاقدراو، ئەوا هەموو ئەوەی خۆی پێ پابەند دەکات لەسەری دەچەسپێت.
١٠ «بەڵام ئەگەر ژنێک لە ماڵی مێردی نەزری کرد و خۆی بە سوێند بە شتێکەوە پابەند کرد، ١١ مێردەکەی بیستی و بێدەنگ بوو، ڕێی لێ نەگرت، ئەوا هەموو نەزرەکانی دەچەسپێن و هەموو ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت. ١٢ بەڵام ئەگەر مێردەکەی لە ڕۆژی بیستنی بەتاڵی کردەوە، ئەوا هەرچی گوتوویەتی لە نەزر و پابەندبوونەکانی ناچەسپێن، چونکە مێردەکەی بەتاڵی کردووەتەوە، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت. ١٣ هەموو نەزرێک و هەموو سوێندێکی پابەندبوون بۆ زەلیلکردنی گیان، مێردەکەی دەیچەسپێنێت و مێردەکەی بەتاڵی دەکاتەوە. ١٤ ئەگەر مێردەکەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لێی بێدەنگ بوو، ئەوا هەموو نەزرەکانی یان هەموو ئەو پابەندبوونانەی لەسەریەتی دەچەسپێن، چەسپاندوویەتی چونکە لەو ڕۆژەی بیستوویەتی لێی بێدەنگ بوو، ١٥ جا ئەگەر لەدوای بیستنی بەتاڵی کردەوە، ئەوا تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو.»
١٦ ئەمە ئەو فەرزانەیە کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد لەنێوان مێرد و ژنەکەی و لەنێوان باوک و کچەکەی لە کاتی کچێنیدا لە ماڵی باوکی.