بالاق بانگی بەلعام دەکات
١ ئینجا نەوەی ئیسرائیل کۆچیان کرد و لە دەشتاییەکانی مۆئاب لەلای کەناری ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا چادریان هەڵدا.
٢ کاتێک بالاقی کوڕی چیپور هەموو ئەو شتانەی بینی کە ئیسرائیل بە ئەمورییەکانی کرد، ٣ مۆئاب لە گەلەکە تۆقی، چونکە زۆر بوون، مۆئاب بەهۆی نەوەی ئیسرائیل ترسی لێ نیشت.
٤ مۆئابییەکان بە پیرەکانی میدیانیان گوت: «ئێستا ئەم ئاپۆرەی خەڵکە هەموو چواردەورمان دەلێسنەوە وەک چۆن گا سەوزایی کێڵگە دەلێسێتەوە.»
لەو سەردەمە بالاقی کوڕی چیپور پاشای مۆئاب بوو. ٥ چەند نێردراوێکی بۆ لای بەلعامی کوڕی بەعۆر نارد بۆ پەتور کە نزیک ڕووباری فوراتە لە خاکی نەوەی گەلەکەی، بۆ ئەوەی بانگی بکات و بڵێت:
«وا گەلێک لە میسر هاتووە و ڕووی زەوی داپۆشیوە و لەتەنیشتم نیشتەجێیە. ٦ ئێستاش وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم، چونکە لە من مەزنترن. بەڵکو بتوانم بیانشکێنم و لە خاکەکە دەریانبکەم، چونکە زانیومە ئەوەی داوای بەرەکەتی بۆ بکەیت بەرەکەتدار کراوە و ئەوەی نەفرەتی لێ بکەیت نەفرەت لێکراوە.»
٧ پیرانی مۆئاب و پیرانی میدیان بە کرێی فاڵگرتنەوە بەڕێکەوتن و هاتنە لای بەلعام و بە وتەکانی بالاق لەگەڵیدا دوان.
٨ ئەویش پێی گوتن: «ئەمشەو لێرە بمێننەوە، یەزدان چیم پێ بڵێت، ئاوا وەڵامتان دەدەمەوە.» ئینجا پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای بەلعام مانەوە.
٩ ئینجا خودا هاتە لای بەلعام و فەرمووی: «ئەو پیاوانە کێن کە لەلاتن؟»
١٠ بەلعامیش بە خودای گوت: «بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب بەدوامدا ناردوویەتی و دەڵێت، ١١ ”ئەو گەلەی لە میسرەوە هاتووە ڕووی زەوی داپۆشیوە. ئێستا وەرە و نەفرەتیان لێ بکە بۆم، هەتا بتوانم لەگەڵیاندا بجەنگم و دەریانبکەم.“»
١٢ بەڵام خودا بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵیاندا مەڕۆ و نەفرەت لە گەلەکە مەکە، چونکە بەرەکەتدارن.»
١٣ بەلعام بەیانی هەستا و بە پیاوە گەورەکانی بالاقی گوت: «بۆ خاکەکەتان بگەڕێنەوە، چونکە یەزدان ڕازی نەبوو ڕێم بدات لەگەڵتان بێم.»
١٤ پیاوە گەورەکانی مۆئابیش هەستان و هاتنە لای بالاق و گوتیان: «بەلعام ڕازی نەبوو لەگەڵماندا بێت.»
١٥ ئینجا بالاق دووبارە پیاوی گەورەی زۆرتر و بەڕێزتری لەوانەی پێشووتر نارد. ١٦ ئەوانیش هاتنە لای بەلعام و پێیان گوت:
«بالاقی کوڕی چیپور ئاوا دەڵێت: با هیچ شتێک ڕێت لێ نەگرێت بێیت بۆ لام، ١٧ چونکە پاداشتێکی گەورەت دەکەم، ئەوەی پێم بڵێی دەیکەم، ئێستا وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم.»
١٨ بەڵام بەلعام وەڵامی دایەوە و بە خزمەتکارانی بالاقی گوت: «ئەگەر بالاق بە پڕی کۆشکەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارم دەربچم، بۆ ئەوەی شتێکی بچووک یان گەورە بکەم. ١٩ ئێوەش ئێستا ئەمشەو لێرە بمێننەوە، هەتا بزانم یەزدان ئەم جارە چیم پێ دەڵێت.»
٢٠ خودا لە شەودا هاتە لای بەلعام و پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەو پیاوانە هاتوون هەتا بانگت بکەن، هەستە و لەگەڵیاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.»
ماکەری بەلعام
٢١ بەلعامیش بەیانی هەستا و ماکەرەکەی کورتان کرد و لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب بەڕێکەوت. ٢٢ بەڵام کاتێک بەڕێکەوت تووڕەیی خودا جۆشا، ئینجا فریشتەی یەزدان لەسەر ڕێگا بۆی وەستا، هەتا بەربەرەکانێی بکات. لەو کاتەی بەلعام سواری ماکەرەکەی ببوو و هەردوو خزمەتکارەکەشی لەگەڵی بوون. ٢٣ کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێرەکەی هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، ماکەرەکە لە ڕێگاکە لایدا و دایەوە ناو کێڵگە، بەلعامیش لە ماکەرەکەی دا هەتا بیگەڕێنێتەوە سەر ڕێگاکە.
٢٤ ئینجا فریشتەی یەزدان لە ڕێچکەیەکی باریکدا لەنێوان دوو ڕەزدا وەستا کە لەملا و ئەولا دیواری هەبوو، ٢٥ کاتێک ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی ملی دا بە دیوارەکە و پێی بەلعام بەر دیوارەکە کەوت. ئینجا دیسان لە ماکەرەکەی دایەوە.
٢٦ دواتر فریشتەی یەزدان پێشیان کەوتەوە و لە شوێنێکی تەنگەبەر وەستا کە هیچ ڕێگا نەبوو بۆ سوڕانەوە، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا. ٢٧ کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی، لەژێر بەلعامدا خۆی کێشایەوە، تووڕەیی بەلعام جۆشا و بە گۆچانەکەی لە ماکەرەکەی دا، ٢٨ ئینجا یەزدان دەمی ماکەرەکەی کردەوە و بە بەلعامی گوت: «چیم لێکردوویت؟ بۆچی هەتا ئێستا سێ جار لێت دام؟»
٢٩ بەلعامیش بە ماکەرەکەی گوت: «چونکە سووکایەتیم پێ دەکەیت، ئەگەر شمشێرم لە دەست بووایە ئێستا دەمکوشتیت.»
٣٠ ماکەرەکەش بە بەلعامی گوت: «باشە من ماکەرەکەی تۆ نیم کە لەو کاتەوەی هەی سوارم دەبیت هەتا ئەمڕۆ، ئایا من لێڕاهاتووم وات لێ بکەم؟»
ئەویش گوتی: «نا.»
٣١ ئینجا یەزدان چاوی بەلعامی کردەوە و فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێری هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، جا بەسەر ڕوویدا کەوت و کڕنۆشی برد.
٣٢ فریشتەی یەزدانیش پێی فەرموو: «بۆچی هەتا ئێستا سێ جار لە ماکەرەکەی خۆتت داوە؟ ئەوەتا من بۆ بەربەرەکانێت هاتووم، چونکە لەبەرچاوی من ڕێگاکەت لاساریکردنە. ٣٣ ماکەرەکە منی بینی هەتا ئێستا سێ جار لە بەرامبەرم خۆی لادا، ئەگەر لە بەرامبەرم خۆی لانەدەدا، ئێستا من تۆم دەکوشت و ئەوم دەهێشتەوە.»
٣٤ بەلعام بە فریشتەی یەزدانی گوت: «گوناهم کرد، من نەمزانی کە تۆ بوویت ئەوەی لەسەر ڕێگا لەپێشم وەستاویت بۆ بەربەرەکانێم، ئێستاش ئەگەر پێت ناخۆشە من دەگەڕێمەوە.»
٣٥ فریشتەی یەزدانیش بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵ پیاوەکاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.» ئیتر بەلعام لەگەڵ پیاوە گەورەکانی بالاق بەڕێکەوت.
٣٦ کاتێک بالاق بیستی کە بەلعام هاتووە، چوو بۆ پێشوازیکردنی بۆ ئەو شارۆچکەیەی مۆئاب کە لەسەر سنووری ئەرنۆنە، لەوپەڕی خاکەکەی. ٣٧ بالاق بە بەلعامی گوت: «ئایا بەدوای تۆمدا نەنارد، هەتا بانگت بکەم، ئیتر بۆ نەهاتی؟ ئایا بەڕاستی من ناتوانم پاداشتت بکەم؟»
٣٨ بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەوەتا ئێستا هاتم بۆ لات، ئایا ئێستا هیچ توانایەکم هەیە کە خۆم شتێک بڵێم؟ ئەو وشەیەی خودا دەیخاتە دەمم ئەوە دەڵێم.»
٣٩ بەلعام و بالاق بەڕێکەوتن و هاتنە قیریەت حوچۆت، ٤٠ ئینجا بالاق مەڕ و مانگای سەربڕی و بەدوای بەلعام و ئەو پیاوە گەورانەی نارد کە لەگەڵی بوون. ٤١ بۆ بەیانی بالاق بەلعامی بردە سەرەوە بۆ بامۆت بەعل* و لەوێوە ئەوپەڕی گەلی بینی.