پاکبوونەوەی ژنان لەدوای منداڵبوون
١ هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: ٢ «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر ژنێک سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم بۆ حەوت ڕۆژ گڵاو* دەبێت، هەروەک لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی گڵاو دەبێت. ٣ لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆرپەکە خەتەنە دەکرێت، ٤ ئینجا دایکەکە سی و سێ ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە هەتا لە خوێن لێچوونەکەی پاک ببێتەوە، بەر هیچ شتێکی پیرۆز ناکەوێت و بۆ پیرۆزگا ناچێت، هەتا ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو دەبێت. ٥ ئەگەر کچی بوو، ئەوا دوو هەفتە پاک نابێت، هەروەک لە خوێنلێچوونی بێت، ئینجا شەست و شەش ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە، هەتا لە زەیستانییەکەی* پاک ببێتەوە.
٦ «”کاتێک ڕۆژانی پاکبوونەوەی* تەواو بوو، ئەگەر کوڕی بووبێت یان کچ، ئەوا بەرخێکی یەک ساڵە وەک قوربانی سووتاندن و بێچووە کۆترێک یان کوکوختییەک وەک قوربانی گوناه* دەهێنێتە بەر دەروازەی چادری چاوپێکەوتن بۆ کاهینەکە. ٧ ئەویش لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات و کەفارەتی بۆ دەکات، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم لە خوێن لێچوونەکەی پاک دەبێتەوە.*
«”ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو ژنەی کوڕ یان کچی دەبێت. ٨ بەڵام ئەگەر دەستکورت بوو بەرخێک بهێنێت، ئەوا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، یەکێکیان بۆ قوربانی سووتاندن و ئەوی دیکە بۆ قوربانی گوناه، بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و پاک دەبێتەوە.“»