چوونی یاقوب بۆ میسر
١ ئیتر ئیسرائیل بە هەرچییەکەوە کە هەیبوو کۆچی کرد، هاتە بیری شابەع و قوربانی بۆ خودای ئیسحاقی باوکی سەربڕی.
٢ خودا بە شەو لە بینینێکدا بە ئیسرائیلی فەرموو: «یاقوب! یاقوب!»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
٣ فەرمووی: «من خودام، خودای باوکتم. مەترسە لە چوونت بۆ میسر، چونکە لەوێ دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن. ٤ من لەگەڵ تۆ دێمە میسر، بێگومان خۆشم دەتگەڕێنمەوە. یوسفیش دەستی خۆی دەنێتە سەر چاوەکانت.»
٥ ئیتر یاقوب لە بیری شابەع هەستا، کوڕەکانی ئیسرائیلیش یاقوبی باوکیان و منداڵەکانیان و ژنەکانیان هەڵگرت و سواری ئەو عەرەبانانەیان کردن کە فیرعەون بۆ هەڵگرتنی ئەو ناردبووی. ٦ هەروەها لەگەڵ خۆیان مەڕوماڵاتەکەیان و ئەو کەلوپەلانەی لە خاکی کەنعان دەستیان کەوتبوو هەڵیانگرت و هاتنە میسر، یاقوب و هەموو نەوەکانی لەگەڵی. ٧ کوڕ و کوڕەزا و کچ و کچەزاکانی، هەموو نەوەکەی لەگەڵ خۆی هێنایە میسر.
٨ ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە هاتنە میسر، یاقوب و نەوەکانی:
ڕەئوبێن کوڕە نۆبەرەی یاقوب.
٩ کوڕەکانی ڕەئوبێن:
حەنۆک، پەڵو، حەسرۆن و کەرمی.
١٠ کوڕەکانی شیمۆن:
یەموئێل، یامین، ئۆهەد، یاکین و چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو.
١١ کوڕەکانی لێڤی:
گێرشۆن، قەهات و مەراری.
١٢ کوڕەکانی یەهودا:
ئێر، ئۆنان، شالەح، پێرێز و زەرەح، بەڵام ئێر و ئۆنان لە خاکی کەنعان مردن.
کوڕەکانی پێرێزیش ئەمانە بوون:
حەسرۆن و حامول.
١٣ کوڕەکانی یەساخار:
تۆلاع، پوڤە، یاشوڤ و شیمرۆن.
١٤ کوڕەکانی زەبولون:
سەرەد، ئێلۆن و یەحلئێل.
١٥ ئەمانە کوڕەکانی لێئەن کە بۆ یاقوبی بوون لە پەدان ئارام، لەگەڵ دینەی کچیشی. هەموو کوڕ و کچەکانی سی و سێ کەس بوون.
١٦ کوڕەکانی گاد:
چیفۆن، حەگی، شونی، ئەچبۆن، عێری، ئەرۆدی و ئەرئێلی.
١٧ کوڕەکانی ئاشێر:
یمنە، یەشڤە، یەشڤی و بەریعە
لەگەڵ سەرەحی خوشکیان.
کوڕەکانی بەریعە:
حەڤەر و مەلکیێل.
١٨ ئەمانەش کوڕەکانی زیلپە بوون کە لابان دابووی بە لێئەی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب خستەوە کە شازدە کەس بوون.
١٩ دوو کوڕەکەی ڕاحێلی ژنی یاقوب:
یوسف و بنیامین. ٢٠ لە خاکی میسریش، مەنەشە و ئەفرایم بۆ یوسف لەدایک بوون لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن.
٢١ کوڕەکانی بنیامین:
بەلەع، بەکەر، ئەشبێل، گێرا، نەعمان، ئێحی، ڕۆش، موپیم، حوپیم و ئەرد.
٢٢ ئەمانە کوڕەکانی ڕاحێلن کە بۆ یاقوبی بوون. هەموویان چواردە کەس بوون.
٢٣ کوڕەکەی دان:
حوشیم.
٢٤ کوڕەکانی نەفتالی:
یەحزئێل، گۆنی، یێچەر و شلێم.
٢٥ ئەمانە کوڕەکانی بیلهە بوون کە لابان دابووی بە ڕاحێلی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب بوو. هەموویان حەوت کەس بوون.
٢٦ هەموو ئەوانەی لەگەڵ یاقوب هاتنە میسر و لە پشتی ئەوەوە دەرچووبوون، جگە لە ژنانی کوڕەکانی، شەست و شەش کەس بوون. ٢٧ بە هەردوو کوڕەکەی یوسفەوە کە لە میسر لەدایک ببوون، سەرجەمی کەسانی ماڵی یاقوب کە هاتنە میسر، حەفتا* کەس بوون.
٢٨ یاقوب یەهودای لەپێش خۆیەوە نارد بۆ لای یوسف هەتا بەرەو گۆشەن ڕێنمایی بکات. ئینجا هاتنە ناوچەی گۆشەن. ٢٩ یوسف گالیسکەکەی خۆی بەستەوە و بەرەو گۆشەن هەڵکشا بۆ پێشوازیکردنی ئیسرائیلی باوکی. کە بینی دەستی لە ملی کرد و بۆ ماوەیەک گریا.
٣٠ ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئێستا با بمرم، لەدوای ئەوەی ڕووی تۆم بینی و زانیم هێشتا زیندوویت.»
٣١ ئینجا یوسف بە براکانی و ماڵی باوکی گوت: «دەچم و بە فیرعەون ڕادەگەیەنم، پێی دەڵێم: ”براکانم و ماڵی باوکم کە لە خاکی کەنعان بوون، هاتنە لام. ٣٢ پیاوەکانیش شوانی مەڕن، چونکە خاوەن ماڵاتن، جا مەڕ و مانگاکانیان و هەرچییان هەیە هێناویانە.“ ٣٣ ئینجا ئەگەر فیرعەون بانگی کردن و گوتی: ”کارتان چییە؟“ ٣٤ دەڵێن: ”خزمەتکارانت خاوەن ماڵاتن، لە منداڵیمانەوە هەتا ئێستا، خۆمان و باوباپیرانمان،“ بۆ ئەوەی لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ ببن، چونکە میسرییەکان قێزیان لە هەموو شوانێکی مەڕ دەبێتەوە.»