١ ئیسحاق یاقوبی بانگکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد، فەرمانی پێدا و پێی گوت: «لەگەڵ کچی کەنعانییەکان هاوسەرگیری مەکە. ٢ هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام* بۆ ماڵی بتوئێلی باوکی دایکت، لەوێ لە کچەکانی لابانی برای دایکت ژنێک بۆ خۆت بخوازە. ٣ با خودای هەرە بە توانا بەرەکەتدار و بەردار و زۆرت بکات، هەتا ببیتە کۆمەڵێک گەل. ٤ بەرەکەتی ئیبراهیمت دەداتێ* ، بۆ خۆت و نەوەکەت لەگەڵتدا، لەو زەوییەی ئێستا ئاوارەیت دەبیتە میراتگری، ئەوەی خودا دایە ئیبراهیم.» ٥ ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد، ئەویش چوو بۆ پەدان ئارام بۆ لای لابانی کوڕی بتوئێلی ئارامی، برای ڕڤقەی دایکی یاقوب و عیسۆ.
٦ عیسۆش بینی ئیسحاق داوای بەرەکەتی بۆ یاقوب کرد و ناردییە پەدان ئارام هەتا لەوێ ژنێک بهێنێت، کاتێک داوای بەرەکەتی بۆ کرد و فەرمانی پێدا، پێی گوت: «لە کچانی کەنعان ژن نەخوازیت.» ٧ یاقوبیش گوێڕایەڵی دایک و باوکی بوو، چوو بۆ پەدان ئارام. ٨ عیسۆ بینی کە لەپێش چاوی ئیسحاقی باوکی، کچانی کەنعانیان بەدکردەوەن. ٩ ئینجا چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشکی نەبایۆتی کچی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی خواست، بەسەر ژنەکانی دیکەیدا.
خەونی یاقوب لە بێت‌ئێل
١٠ یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت. ١١ ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەوێ مایەوە، چونکە خۆر ئاواببوو. بەردێکیشی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری، لەو شوێنەدا ڕاکشا. ١٢ خەونێکی بینی، لەم خەونە پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە و سەریشی لە ئاسمان دەدات. بینی فریشتەکانی خوداش پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە. ١٣ وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو زەوییەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکەت. ١٤ نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن. ١٥ من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»
١٦ یاقوب لە خەونەکەی بەئاگا هات، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!» ١٧ ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئەمەش دەروازەی ئاسمانە.»
١٨ یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد. ١٩ ئەو شوێنەشی ناونا بێت‌ئێل* . بەڵام پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.
٢٠ یاقوب نەزرێکیشی نەزر کرد* و گوتی: «ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم، ٢١ بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من. ٢٢ ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە، دەبێتە ماڵی خودا* و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.»