سێ میوان
١ ئینجا یەزدان لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ بۆ ئیبراهیم دەرکەوت، لەو کاتەدا کە لە گەرمای ڕۆژدا لە دەرکی چادرەکەیدا دانیشتبوو. ٢ سەری هەڵبڕی و بینی وا سێ پیاو لە نزیکی وەستاون. کاتێک ئەوانی بینی، لە دەرگای چادرەکەیەوە بەرەو ڕوویان ڕایکرد کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.
٣ ئینجا گوتی: «گەورەم، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، بەسەر خزمەتکارەکەتدا تێمەپەڕە. ٤ با تۆزێک ئاو بهێنرێت و پێتان بشۆن، لەژێر دارەکە پاڵ بدەنەوە. ٥ پارووە نانێکیشتان بۆ دێنم هەتا بەری دڵتانی پێ بگرن و پاشان تێبپەڕن، چونکە ئێوە بۆ لای خزمەتکارەکەتان هاتوون.»
ئەوانیش فەرموویان: «ئەوەی گوتت بیکە.»
٦ ئیتر ئیبراهیم بە پەلە بەرەو چادرەکە چوو بۆ لای سارا و گوتی: «خێرا سێ پێوانە* لە باشترین ئارد بهێنە و بیشێلە و بیکە بە نان.»
٧ هەروەها ئیبراهیم بۆ لای مێگەلەکە ڕایکرد و گوێرەکەیەکی ناسک و چاکی هێنا و دایە دەست خزمەتکارێکەوە، ئەویش خێرا کەوتە ئامادەکردنی. ٨ ئینجا دەڵەمە* و شیر و ئەو گوێرەکەیەی ئامادەکرابوو، هێنای و لەبەردەمیان داینا. خۆشی لەژێر دارەکە لەسەریان ڕاوەستا، کاتێک ئەوان نانەکەیان دەخوارد.
٩ پاشان پێیان فەرموو: «کوا سارای ژنت؟»
ئەویش گوتی: «ئەوەتا، لەناو چادرەکەیە.»
١٠ ئینجا یەزدان فەرمووی: «بێگومان ساڵێکی دیکە ئەم کاتانە دێمەوە لات و سارای ژنیشت کوڕێکی بووە.»
ساراش لە دەرگای چادرەکەی خۆیەوە کە لە پشتی ئەمەوە بوو، گوێی گرتبوو. ١١ ئیبراهیم و سارا دوو پیری بەساڵدا چووبوون. ساراش تەمەنی منداڵبوونی بەسەرچووبوو. ١٢ سارا لە دڵی خۆیدا پێکەنی و گوتی: «ئایا لەدوای ئەوەی لە کەڵک کەوتووم و مێردەکەم پیر بووە، خۆشیم بۆ دەبێت؟»
١٣ ئینجا یەزدان بە ئیبراهیمی فەرموو: «بۆچی سارا پێکەنی و گوتی: ”وا من پیر بووم، ئایا بەڕاستی منداڵم دەبێت“؟ ١٤ هیچ شتێک هەیە بۆ یەزدان ئەستەم بێت؟ ساڵی داهاتوو لە کاتی دیاریکراو دێمەوە لات و ساراش کوڕێکی بووە.»
١٥ سارا درۆی کرد و گوتی: «پێنەکەنیم،» چونکە ترسا. بەڵام ئەو فەرمووی: «بەڵێ، پێکەنیت.»
پاڕانەوەی ئیبراهیم بۆ سەدۆم
١٦ ئینجا پیاوەکان لەوێ هەستان و ڕوویان لە سەدۆم کرد، ئیبراهیمیش لەگەڵیان ڕۆیشت، تاکو بەڕێیان بکات. ١٧ یەزدانیش فەرمووی: «ئایا ئەوەی کە بەتەمام ئەنجامی بدەم لە ئیبراهیمی بشارمەوە؟ ١٨ لە کاتێکدا ئیبراهیم بێگومان دەبێتە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز، هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی ئەوەوە بەرەکەتدار دەبن. ١٩ لەبەر ئەوەی هەڵمبژاردووە بۆ ئەوەی منداڵەکانی و ماڵەکەی لەدوای خۆی ڕابسپێرێت ڕێچکەی یەزدان بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی ڕاستودروستی و دادپەروەری بکەن، تاکو یەزدان ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی کە بە ئیبراهیمی دابوو.»
٢٠ ئینجا یەزدان فەرمووی: «هاواری لە دژی سەدۆم و عەمۆرا زۆر بووە و گوناهیان زۆر گەورە بووە. ٢١ ئەوا دێمە خوارەوە بۆ ئەوەی ببینم ئاخۆ وەک هاوارەکەی کە هاتووەتە لای من، بە تەواوی بەم جۆرەیان کردووە. ئەگەر نا، ئەوا دەزانم.»
٢٢ ئینجا پیاوەکان ڕوویان کردە سەدۆم و ڕۆیشتن، بەڵام ئیبراهیم هێشتا لەبەردەم یەزدان وەستابوو. ٢٣ ئیبراهیم چووە پێشەوە و گوتی: «ئایا لەگەڵ خراپەکاردا ڕاستودروستیش لەناودەبەیت؟ ٢٤ ئەی ئەگەر شارەکە پەنجا کەسی ڕاستودروستی تێدابێت، ئایا هەر لەناوی دەبەیت و نایبەخشیت، لە پێناوی ئەو پەنجا ڕاستودروستەی تێیدایە؟ ٢٥ حاشا، شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە! ڕاستودروستیش لەگەڵ خراپەکاردا بکوژیت. جا ڕاستودروست و خراپەکار وەک یەکیان لێبێت. دوور بێت لە تۆ! ئایا دادوەری هەموو زەوی دادپەروەری ناکات؟»
٢٦ یەزدانیش فەرمووی: «ئەگەر لە سەدۆم پەنجا کەسی ڕاستودروست لە شارەکەدا ببینمەوە، ئەوا لە پێناوی ئەوان هەموو شارەکە دەبەخشم.»
٢٧ ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «ئێستا من وێرام لەگەڵ پەروەردگار قسە بکەم، منێک کە خۆڵ و خۆڵەمێشم. ٢٨ ئەی ئەگەر لەو پەنجا کەسە ڕاستودروستە پێنجی کەم بوو؟ ئایا بۆ پێنج کەس هەموو شارەکە وێران دەکەیت؟»
فەرمووی: «وێرانی ناکەم، ئەگەر چل و پێنج لەوێ ببینمەوە.»
٢٩ دیسان کەوتەوە قسە لەگەڵی و گوتی: «ئەی ئەگەر لەوێ چلی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر خاتری ئەو چلە، نایکەم.»
٣٠ ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و قسە بکەم، ئەی ئەگەر هەر سی لێبوو؟»
فەرمووی: «نایکەم، ئەگەر لەوێ سی ببینمەوە.»
٣١ ئیبراهیم گوتی: «ئیتر وا وێرام قسە لەگەڵ پەروەردگار بکەم، ئەی ئەگەر بیستی لێبوو؟»
فەرمووی: «لەبەر ئەو بیستە وێرانی ناکەم.»
٣٢ ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و هەر ئەم جارە قسە بکەم. ئەی ئەگەر دەی لێبوو؟»
فەرمووی: «لەبەر ئەو دەیە وێرانی ناکەم.»
٣٣ ئینجا دوای ئەوەی یەزدان لەگەڵ ئیبراهیم لە قسەکردن بووەوە، ڕۆیشت، ئیبراهیمیش گەڕایەوە شوێنی خۆی.