دەربازکردنی ڵوت لەلایەن ئەبرامەوە
١ وا ڕوویدا کە لە سەردەمی ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار و کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم، ٢ ئەمانە جەنگیان بەرپا کرد لە دژی بەرەعی پاشای سەدۆم و بیرشەعی پاشای عەمۆرا و شینئابی پاشای ئەدما و شەمێڤەری پاشای چەبۆئیم، لەگەڵ پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە. ٣ هەموو ئەمانە لە دۆڵی سیدیم هێزەکانیان یەکخست، کە ئێستا پێی دەگوترێت دەریای مردوو* . ٤ بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ژێردەستەی کدارلاعۆمەر بوون، بەڵام لە ساڵی سێزدەمین لێی یاخی بوون.
٥ لە ساڵی چواردەمین، کدارلاعۆمەر خۆی و ئەو پاشایانەی کە لەگەڵی بوون هات، ڕفائییەکانیان بەزاند لە عەشترۆت قەرنەیم، هەروەها زوزییەکان لە هام و ئێمییەکانیش لە شاڤێ قیریاتەیم، ٦ هەروەها حۆرییەکان* لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر، هەتا ئێیل پاران لە نزیک بیابان. ٧ ئینجا گەڕانەوە و چوونە کانی میشپات کە قادێشە و بەسەر هەموو هەرێمی عەمالێقییەکاندا زاڵ بوون، هەروەها ئەمورییەکانیش کە نیشتەجێی حەچەچۆن تامار بوون.
٨ ئینجا پاشای سەدۆم و پاشای عەمۆرا و پاشای ئەدما و پاشای چەبۆئیم و پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە، هاتنە دەرەوە و لە دۆڵی سیدیم بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، ٩ لە دژی کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار. چوار پاشا بەرامبەر بە پێنج. ١٠ دۆڵی سیدیمیش پڕ بوو لە چاڵە قیڕ. کاتێک هەردوو پاشای سەدۆم و عەمۆرا هەڵاتن و لەوێ کەوتن، ئەوانی دیکەش بۆ چیاکان هەڵاتن. ١١ ئیتر چوار پاشاکە هەموو شتومەکەکانی سەدۆم و عەمۆرا و هەموو خۆراکەکانیان بردن و ڕۆیشتن. ١٢ هەروەها ڵوتی برازای ئەبرامیان لەگەڵ هەموو شتومەکەکەیان برد کە لە سەدۆم نیشتەجێ بوو.
١٣ یەکێک لە دەربازبووان هات و بە ئەبرامی عیبرانی* ڕاگەیاند. ئەو کاتە لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێی ئەموری، براکەی ئەشکۆل و عانێر، نیشتەجێ بوو. ئەمانیش لەگەڵ ئەبرام هاوپەیمان بوون. ١٤ کاتێک ئەبرام بیستی کە برازاکەی ڕاپێچ کراوە، بانگەوازی بۆ خزمەتکارە مەشقپێکراوەکانی دەرکرد کە لەدایکبووی ماڵەکەی بوون و سێ سەد و هەژدە کەس بوون، ئیتر هەتا شاری دان بەدوایان کەوت. ١٥ کە شەویش داهات خۆی و پیاوەکانی دابەش بوون، جا هێرشی بردە سەریان و تەفروتونایان کردن و تاکو حۆڤا دەریپەڕاندن، کە لە باکووری دیمەشقە. ١٦ جا هەموو شتومەکەکان و هەروەها ڵوتی برازای و شتومەکەکانی و ژنەکان و خەڵکەکەی هێنایەوە.
١٧ دوای گەڕانەوەی ئەبرام لە بەزاندنی کدارلاعۆمەر و پاشاکانی دیکەی هاوپەیمانی، پاشای سەدۆم لە دۆڵی شاڤێ کە دۆڵی پاشایە بۆ پێشوازیکردنی هاتە دەرەوە.
١٨ مەلکیسادقی پاشای شالیمیش* نان و شەرابی دەرهێنا. ئەو کاهینی خودای هەرەبەرز بوو. ١٩ داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:
«با خودای هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی،
ئەبرام بەرەکەتدار بکات.
٢٠ ستایش بۆ خودای هەرەبەرز
کە دوژمنەکانتی دایە دەستت.»
ئەبرامیش دەیەکی هەموو شتێکی پێدا.
٢١ ئینجا پاشای سەدۆم بە ئەبرامی گوت: «خەڵکەکە بدە من و شتومەکەکانیش بۆ خۆت ببە.»
٢٢ بەڵام ئەبرام بە پاشای سەدۆمی گوت: «سوێندم خواردووە بۆ یەزدانی پەروەردگاری هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی، ٢٣ کە ئەگەر تاڵە دەزووێک یان ئاوزەنگییەکی* پێڵاوەکانت یان هەر شتێک لە شتەکانی تۆ ببەم، بۆ ئەوەی هەرگیز نەڵێیت: ”من ئەبرامم دەوڵەمەند کرد.“ ٢٤ تەنها ئەوە نەبێت کە هەرزەکارەکان خواردوویانە، بەشەکەی ئەو پیاوانەش کە لەگەڵم هاتن، عانێر و ئەشکۆل و مەمرێ، ئەوان بەشی خۆیان وەردەگرن.»