نامەی پۆڵس بۆ تیتۆس
کورتە باسێک
تیتۆس باوەڕدارێکی بە ڕەچەڵەک یۆنانی بووە. کاتێک پۆڵس بۆ گفتوگۆ لەگەڵ گەورە پیاوانی کڵێسا لە ئەنتاکیاوە بەرەو ئۆرشەلیم دەچوو، تیتۆسی لەگەڵ بوو ‏(گەلاتیا ٢‏:١‏-٣‏)‏. پۆڵس پەسەندکردنی تیتۆس لەلایەن ڕابەرانی کڵێساوە وەک یەکێک لە باوەڕداران و بەبێ خەتەنەکردن، وەک بەڵگە دەهێنێتەوە کە مزگێنیی مەسیح بەبێ جیاوازی بۆ هەموو نەتەوەکانە ‏(گەلاتیا ٢‏:٣‏-٥‏)‏. لەوانەیە تیتۆس لە گەشتی سێیەمی پۆڵسدا لەگەڵی چووبێت بۆ ئەفەسۆس. پۆڵس تیتۆسی لە ئەفەسۆسەوە نارد بۆ کۆرنسۆس تاکو لەوێ خزمەت بکات ‏(دووەم کۆرنسۆس ٧‏:٥‏-٦ و ٨‏:٦‏)‏. پاشان تیتۆس بووە نێردراوی پۆڵس لە دوورگەی کریت بۆ سەرپەرشتیکردنی کڵێساکانی ئەوێ، کە دەکەوێتە باشووری یۆنان و لەو سەردەمەدا بە بەڕەڵایی بەناوباگ بووە ‏(١‏:١٢‏)‏.
پۆڵس لە نێوان ساڵانی ٦٣ بۆ ٦٥ ز. لە کۆرنسۆسەوە ئەم نامەیەی نووسیوە بە مەبەستی هاندان و ڕێنماییکردنی سەرپەرشتیاری کڵێسای دوورگەی کریت ‏(١‏:٥‏)‏ لە بەرامبەر ئەوانەی دژایەتی ئەو دەکەن. هەروەها هاندانی بۆ ئەوەی «لە هەموو شتێکدا ببە بە نموونەیان بۆ چاکەکاری. لە فێرکردندا دروستی و دڵسۆزی پیشان بدە، با قسەت دروست بێت و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، تاکو ناحەز شەرمەزار بێت چونکە هیچی خراپ نادۆزێتەوە لە دژتان بیڵێت.» ‏(٢‏:٧‏-٨‏)‏. ئەم نامەیە تیشک دەخاتە سەر چەند لایەنێک:
١. ڕێنمایی بۆ هەڵبژاردنی پیران ‏(١‏:٥‏-٩‏)‏.
٢. دژایەتی فێرکردنی مامۆستایانی درۆزن ‏(١‏:١٠‏-١٦‏)‏.
٣. فێرکردن سەبارەت بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و بنەماکانی ژیانی باوەڕدار ‏(٢‏:١‏-١٥‏)‏.
٤. ڕزگاری لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە ‏(٣‏:١‏-٨‏)‏.
٥. دوورکەوتنەوە لە قسەی پووچ ‏(٣‏:٩‏-١١‏)‏.