نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی فیلیپی
کورتە باسێک
فیلیپی شارێکی مەکدۆنی بوو لە باشووری یۆنان، لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا بوو. دانیشتووانەکەی بە هاوڵاتی ڕۆمانی هەژمارد دەکران و زۆربەیان سەربازی خانەنشینکراوی ڕۆمانی بوون. لەدوای ئەوەی لە خەوندا پێی ڕاگەیەنرا ‏(کردار ١٦‏:٦‏-١٠‏)‏، پۆڵس و هاوەڵانی لە یەکەمین گەشتیان بۆ کیشوەری ئەوروپا یەکەمین کڵێسایان لەو کیشوەرە لە فیلیپی دامەزراند ‏(کردار ١٦‏:١١‏-٤٠‏)‏. دواتر کەسانێکی دیکە جێگەی ئەویان لە بەڕێوەبردنی کڵێساکەدا گرتەوە ‏(٤‏:١٥‏)‏.
پۆڵس لە ساڵی (٦١ ز.) لەکاتێکدا لە ڕۆما لەنێو کۆتی بەندیخانەدا بوو، ئەم نامەیە بۆ باوەڕدارانی فیلیپی دەنووسێ. سوپاسیان دەکات سەبارەت بەو یارمەتییەی لەگەڵ دەستی ئەپەفرۆدیتۆس بۆیان ناردووەتە بەندیخانە ‏(٤‏:١٨‏)‏. هەروەها تێیدا چەندین جار دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێ، بە تایبەتیش بۆ بەشداریکردنی ئەوان لە ڕاگەیاندنی مژدەی مەسیح ‏(١‏:٤‏-٥‏)‏. «هەمیشە بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن، دیسان دەڵێمەوە، دڵشاد بن!» ‏(٤‏:٤‏)‏.
لەم نامەیەدا باوەڕداران بۆ مزگێنیدان هاندەدات، تاکو لە یەکێتیدا بچەسپێنن و لە ئاست یەکتردا خۆیان بە بچووکتر بزانن. دواتر لە نێردراوی بەدکار ئاگاداریان دەکاتەوە ‏(٣‏:٢‏-٣‏،١٨‏‏-١٩). هەروەها دەریدەخات کە ناسینی مەسیح و یەکبوونی لەگەڵ ئەو لە هەستانەوە و ئازارکێشان ئامانجی سەرەکییەتی ‏(٣‏:١٠‏-١٤‏)‏. دەکرێ ئەم نامەیە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بکەین:
١. سڵاو و نوێژ ‏(١‏:١‏-١١‏)‏.
٢. بارودۆخی نێردراویێتی پۆڵس ‏(١‏:١٢‏-٣٠‏)‏.
٣. ژیانی مەسیح نموونەیە بۆ خزمەت ‏(٢‏:١‏–٢‏:١٨‏)‏.
٤. پێشکەشکردنی نموونەی کەسایەتییەکی چاک بۆ چاولێکردن ‏(٢‏:١٩‏-٣٠‏)‏.
٥. ئاگادارکردنەوە لە دژی مامۆستای تەوراتگەریێتی و بەڕەڵایی ‏(٣‏:١‏–٤‏:١‏)‏.
٦. هاندان و سڵاوی کۆتایی ‏(٤‏:٢‏-٢٣‏)‏.