نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی ئەفەسۆس
کورتە باسێک
ئەفەسۆس گرنگترین شار بووە لە ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا) کە دەکەوێتە نزیک شاری ئەزمیری ئێستا. ئەفەسۆس لەسەر دەریای ئیجە بەندەری هەبوو، ناوەندێکی گەورەی بازرگانی بوو. پەرستگایەکی بەناوبانگی ئەرتەمیسی لێبوو ‏(کردار ١٩‏:٢٣‏-٣٩‏)‏. پۆڵسی نێردراو ماوەی سێ ساڵ ئەفەسۆسی کردە ناوەندی خزمەتکردنی بۆ ئاسیا ‏(کردار ١٨‏:١٩‏–٢٠‏:٣٨‏‏).
مێژووی نووسینی ئەم نامەیە لە دەوروبەری ساڵی (٦٠ ز.) لە کاتێکدایە کە پۆڵس لە ڕۆما لە بەندیخانە بوو. ئەم نامەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قسەڵۆک و کێشە لەنێو کڵێسادا نەنووسراوە، بەڵکو بۆ درێژەدان بە تێگەیشتنی باوەڕداران لە پلانی هەتاهەتایی خودا و گەورەیی نیعمەتەکەی، تاکو ئامانجی سەرەکی خودا بۆ کڵێساکەی بزانن.
بە شێوەیەکی گشتی دەکرێ ئەم نامەیە بۆ چوار بەش دابەش بکرێت:
١. ژیانی نوێ کە خودا لە ڕێگای مەسیحەوە دەیبەخشێت ‏(١‏:٣‏–٢‏:١٠‏)‏.
٢. کۆمەڵگای نوێ (کڵێسا) کە خودا دروستی کردووە ‏(٢‏:١١‏–٣‏:٢١‏)‏.
٣. داواکارییە نوێیەکانی خودا بۆ یەکێتی و پاکیێتی لەناو کڵێسای خۆی ‏(٤‏:١‏–٥‏:٢٠‏)‏.
٤. پەیوەندییە نوێیەکان لەنێوان خێزان و جەنگی نوێ لە دژی شەیتان ‏(٥‏:٢١‏–٦‏:٢٠‏)‏.