گەشتێک بۆ کۆنیا
١ لە کۆنیا پۆڵس‏ و بەرناباس وەک هەمیشە چوونە ناو کەنیشتی جولەکەکان و بە شێوەیەک قسەیان کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکە و یۆنانییەکان باوەڕیان هێنا.
٢ بەڵام ئەو جولەکانەی باوەڕیان نەهێنا،
ناجولەکەکانیان جۆشدا و لە دژی برایان مێشکیان پڕکردن.
٣ بۆیە پۆڵس و بەرناباس ماوەیەکی دوورودرێژ لەوێ مانەوە و ئازایانە سەبارەت بە عیسای خاوەن شکۆ قسەیان دەکرد،
ئەویش شایەتی بۆ پەیامی نیعمەتی خۆی دەدا و ڕێی دابوو نیشانە و پەرجوو لەسەر دەستیان بکرێت.
٤ ئیتر دانیشتووانی کۆنیا بوونە دوو بەش،
هەندێکیان لەگەڵ جولەکە بوون و هەندێکیان لەگەڵ نێردراوان.
٥ کاتێک ناجولەکەکان و جولەکە و سەرۆکەکانیان بەتەمابوون سووکایەتی بە نێردراوان بکەن و بەردبارانیان بکەن،
٦ نێردراوان زانییان و بۆ شاری لیسترا و دەربەی لیکاونیا* و بۆ ناوچەکانی دەوروپشتیان هەڵاتن و
٧ لەوێش مزگێنییان دەدا.
چاکبوونەوەی ئیفلیجێک
٨ لە لیسترا کابرایەک دانیشتبوو،
هێز لە پێیەکانیدا نەبوو،
بە زگماک ئیفلیج بوو،
هەرگیز بە پێی خۆی نەڕۆیشتبوو.
٩ گوێی لە پۆڵس بوو کە قسەی دەکرد،
پۆڵسیش چاوی تێبڕی،
کاتێک بینی باوەڕی هەیە چاک بێتەوە،
١٠ بە دەنگێکی بەرز گوتی:
«هەستە بە پێوە ڕابوەستە!»
کابرا دەستبەجێ هەڵبەزییەوە و دەستی بە ڕۆیشتن کرد.
١١ کاتێک خەڵکەکە بینییان پۆڵس چی کرد،
بە زمانی لیکاونیا هاواریان کرد:
«خوداوەندەکان* شێوەی مرۆڤیان وەرگرتووە و هاتوونەتە خوارەوە بۆ ناومان!»
١٢ جا بەرناباسیان ناو نا زییۆس،
پۆڵسیش هەرمەس*،
چونکە قسەکەری سەرەکی بوو.
١٣ ئینجا کاهینی زییۆس،
کە پەرستگاکەی لە دەرەوەی شار بوو،
لەگەڵ خەڵکەکە گا و تاجەگوڵینەی هێنابووە لای دەروازەکان و دەیویست قوربانی پێشکەش بکات.
١٤ بەڵام کاتێک نێردراوەکان،
پۆڵس و بەرناباس،
ئەمەیان بیست،
جلەکانیان دڕاند،
خێرا چوونە لای خەڵکەکە،
هاواریان کرد:
١٥ «خەڵکینە،
بۆچی ئەمە دەکەن؟
ئێمەش مرۆڤین،
لە هەمان سروشتی ئێوە،
مزگێنیتان دەدەینێ واز لەم شتە پووچانە بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگەڕێنەوە،
دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە.
١٦ ئەوەی لە نەوەکانی ڕابردوودا،
هێشتی هەموو نەتەوەکان بە ڕێگای خۆیاندا بڕۆن.
١٧ لەگەڵ ئەوەی خۆی بە بێ شایەتی نەهێشتەوە،
چاکە دەکات،
لە ئاسمانەوە باران و وەرزی بەروبوومتان دەداتێ و دڵتان لە خواردن و لە خۆشی تێر دەکات.»
١٨ بە گوتنی ئەم قسانە و هەوڵدانێکی زۆر توانییان وا لە خەڵکەکە بکەن کە قوربانییان بۆ نەکەن.
١٩ هەندێک جولەکە لە ئەنتاکیا و کۆنیاوە هاتن،
قەناعەتیان بە خەڵکەکە هێنا،
ئەوانیش پۆڵسیان بەردباران کرد و ڕایانکێشایە دەرەوەی شار،
وایانزانی مردووە.
٢٠ بەڵام کاتێک قوتابییەکان دەوریان دا،
هەستا و گەڕایەوە ناو شار.
بۆ ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەرناباس بۆ دەربە ڕۆیشت.
٢١ مزگێنییان بەو شارە دا و ژمارەیەکی زۆریان کردە قوتابی.
ئینجا گەڕانەوە لیسترا و کۆنیا و ئەنتاکیا،
٢٢ ورەی قوتابییەکانیان بەرز دەکردەوە هانیان دەدان لە باوەڕ بچەسپێن:
«پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە ناو شانشینی خودا.»
٢٣ لە هەر کڵێسایەک پۆڵس و بەرناباس پیرانیان بۆ هەڵبژاردن،
ئینجا بە ڕۆژووگرتنەوە نوێژیان کرد و پیرەکانیان دایە دەست مەسیحی باڵادەست کە باوەڕیان پێی هێناوە.
٢٤ ئینجا بە پیسیدیادا تێپەڕین و گەیشتنە پامفیلیا.
٢٥ لە شاری پەرگە پەیامی خودایان ڕاگەیاند و پاشان بۆ بەندەری ئەنتالیا* دابەزین.
٢٦ لەوێشەوە بە ڕێگای دەریا بۆ ئەنتاکیا گەڕانەوە،
ئەو شوێنەی لێوەی درانە دەست نیعمەتی خودا بۆ ئەو کارەی جێبەجێیان کرد.
٢٧ کاتێک گەیشتن و کڵێسایان کۆکردەوە،
باسی هەموو ئەو شتانەیان کرد کە خودا لەگەڵیان کردبووی،
هەروەها کە دەرگای باوەڕی بۆ ناجولەکەکانیش کردووەتەوە.
٢٨ جا لەوێ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ قوتابییەکان مانەوە.