مزگێنی بەپێی نووسینی یۆحەنا
کورتە باسێک
یۆحەنای کوڕی زەبدی، برای یاقوب، ناسراو بە هەورەتریشقە، ماسیگر بوو لە جەلیل. دواتر بوو بە یەکێک لە قوتابییەکانی عیسا کە پەیوەندییەکی تایبەت و بەهێزی لەگەڵ هەبووە. وا باسی خۆی دەکات کە خۆشەویستی عیسا بووە (بڕوانە ‏یۆحەنا ١٩‏:٢٦).‏‏ لە نزیکەی ساڵانی (٨٥–٩٠ ز.) لەدوای کاولبوونی ئۆرشەلیم، بەر لە دوورخستنەوەی بۆ دوورگەی پەتمۆس، بە سروشی ڕۆحی پیرۆز مژدەی شانشینی خودا و سەربوردەی ژیانی عیسای نووسییەوە.
یۆحەنا پەیامەکەی ئاراستەی ئەوانە دەکات کە تازە باوەڕیان هێناوە، هەروەها بۆ کەسانی بێباوەڕ کە بەدوای خودا دەگەڕێن، تاکو باوەڕ بهێنن: «ئەمانەی نووسراون تاکو باوەڕ بهێنن کە عیسا مەسیحەکەیە، کوڕی خودایە، تاکو بە باوەڕهێنان بە ناوی ئەو ژیانتان هەبێت.» ‏(٢٠‏:٣١‏)‏. بۆ سەلماندنی پەیامەکەی حەوت پەرجووی (موعجیزە) عیسای هەڵبژاردووە:
١. گۆڕینی ئاو بۆ شەراب، لە شایی لە قانا ‏(٢‏:١‏-١٢‏)‏.
٢. چاککردنەوەی کوڕی کاربەدەستێکی پاشا ‏(٤‏:٤٣‏-٥٤‏)‏.
٣. چاککردنەوەی نەخۆشێک لە حەوزی بێت‌حەسدا ‏(٥‏:١‏-١٦‏)‏.
٤. تێرکردنی پێنج هەزار کەس ‏(٦‏:١‏-١٥‏)‏.
٥. ڕۆیشتن بەسەر ئاودا ‏(٦‏:١٦‏-٢١‏)‏.
٦. چاککردنەوەی کەسێکی بە زگماک نابینا ‏(٩‏:١‏-٤١‏)‏.
٧. زیندووکردنەوەی لەعازر ‏(١١‏:١‏-٤٤‏)‏.
هەروەها گرنگی بە مردنی مەسیح دەدات، چونکە نیوەی پەڕتووکەکە (لە بەشی ١٢‏–٢١) باسی دوایین شەش ڕۆژی ژیانی مەسیح دەکات. زۆربەی ئەو بابەتانەی یۆحەنا نووسیویەتی لە مزگێنیی نووسەرەکانی دیکەدا نەهاتووە.