هەڵبژاردنی حەوت خزمەتکار
١ لەو ڕۆژانەدا کە قوتابییەکان زیادیان دەکرد،
جولەکە یۆنانییەکان* بۆڵەبۆڵیان لەسەر عیبرانییەکان* کرد کە لە دابەشکردنی نانی ڕۆژانە بێوەژنەکانیان پشتگوێ دەخرێن.
٢ بۆیە دوازدە نێردراوەکە هەموو قوتابییەکانیان بانگکرد و گوتیان:
«باش نییە بۆمان ڕاگەیاندنی پەیامی خودا پشتگوێ بخەین و خەریکی ئازووقە دابەشکردن بین.
٣ خوشک و برایان،
لەنێو خۆتاندا حەوت پیاو هەڵبژێرن کە ناوبانگیان باش بێت و پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز و دانایی،
تاکو لەسەر ئەم ئەرکە دایانبنێین.
٤ ئێمەش خۆمان تەرخان دەکەین بۆ نوێژکردن و بۆ خزمەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا.»
٥ هەموو کۆمەڵەکە ئەم پێشنیارەیان بەدڵ بوو،
جا ستیفانۆسیان هەڵبژارد،
کە پیاوێکی پڕ لە باوەڕ و ڕۆحی پیرۆز بوو،
لەگەڵ فیلیپۆس و پروخۆرۆس و نیکانۆر و تیمۆن و پەرمیناس و نیکۆلاوسی ئەنتاکی کە ببووە جولەکە.
٦ لەپێش نێردراوانیان ڕاگرتن،
ئەوانیش نوێژیان کرد و دەستیان لەسەر دانان.
٧ ئیتر پەیامی خودا لە گەشەکردندا بوو،
ژمارەی قوتابییەکانیش لە ئۆرشەلیم زۆر زیاتر ببوون،
ژمارەیەکی زۆریش لە کاهینان باوەڕیان بە مەسیح هێنا و گوێڕایەڵی بوون.
گرتنی ستیفانۆس
٨ ستیفانۆس پڕبوو لە نیعمەت و هێزی خودا،
پەرجوو و نیشانەی گەورەی لەنێو گەلدا دەکرد.
٩ جا هەندێک لەوانەی لەو کەنیشتەن کە پێی دەگوترا کەنیشتی ئازادکراوان،
لەگەڵ کورێنییەکان و ئەسکەندەرییەکان و ئەوانەی لە ناوچەکانی کیلیکیا و ئاسیان،
هەستان و دەمەقاڵێیان لەگەڵ ستیفانۆس کرد.
١٠ بەڵام نەیانتوانی بەربەرەکانێی ئەو داناییە بکەن کە ڕۆحی پیرۆز لە قسەکردندا پێیدابوو.
١١ بۆیە بەدزییەوە خەڵکیان هاندا تاکو بڵێن:
«گوێمان لێی بوو سەبارەت بە موسا و خودا کفری دەکرد.»
١٢ ئینجا گەل و پیران و مامۆستایانی تەوراتیان جۆشدا،
هاتنە سەری و گرتییان و بۆ ئەنجومەنی باڵایان هێنا.
١٣ شایەتی درۆزنیان دانا،
دەیانگوت:
«ئەم پیاوە وەستانی نییە لە قسەکردن لە دژی ئەم شوێنە پیرۆزە* و تەورات،
١٤ ئێمەش گوێمان لێی بوو دەیگوت کە عیسای ناسیرەیی ئەم شوێنە تێکدەدات و ئەو نەریتانە دەگۆڕێت کە لە موساوە وەرمانگرتووە.»
١٥ جا هەموو ئەوانەی لە ئەنجومەنی باڵا دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وەک ڕووی فریشتە وایە.