پیلانی مرۆڤ و پلانی خودا
١ قوڕبەسەر ئەوانەی بیر لە بەدکاری دەکەنەوە و
لەناو نوێنەکانیان پیلان بۆ خراپە دادەڕێژن!
کاتێک ڕووناکی بەیان دێت جێبەجێی دەکەن
چونکە لە دەستیان دێ.
٢ چاویان لە کێڵگەکانە و داگیری دەکەن،
هەروەها لە ماڵەکانە و دەستی بەسەردا دەگرن.
دەست بەسەر ماڵی خەڵکدا دەگرن،
تاکو لە میراتەکەی بێبەشی بکەن.
٣ لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من سەبارەت بەم گەلە بیر لە بەڵا دەکەمەوە،
ئەوەی ناتوانن ملتانی لەبەر لابدەن.
بە لووتبەرزییەوە هاتوچۆ ناکەن،
چونکە کاتی خراپە دەبێت.
٤ لەو ڕۆژەدا پەندتان بەسەردا هەڵدەدرێت و
شیوەن دەگێڕن و دەگوترێ:
”بە تەواوی وێران بووین،
بەشی گەلەکەی منی گۆڕیوە.
چۆن لێی داماڵین!
کێڵگەکانی ئێمەی بەسەر ناپاکەکاندا دابەش کرد؟“»
 
٥ لەبەر ئەوە لەنێو کۆمەڵی یەزداندا کەست نابێت
بە گوریسی پێوانە خاکەکە بە تیروپشک دابەش بکات.
پێغەمبەرانی درۆزن
٦ پێغەمبەرەکانیان دەڵێن:
«پێشبینی مەکەن!
دەربارەی ئەم شتانە پێشبینی مەکەن،
ڕیسواییمان بەسەردا نایەت.»
٧ ئەی بنەماڵەی یاقوب،
ئایا دروستە خەڵک بپرسێت:
«ئایا یەزدان ئارامی لەبەر دەبڕێت؟
یان ئەمە کارەکانی ئەوە؟»
 
«ئایا وشەکانم باش نین
بۆ ئەوانەی بە ڕێکی هاتوچۆ دەکەن؟
٨ بەڵام لەم دواییەدا گەلەکەم
بۆ دوژمنایەتی ڕاپەڕین.
ئێوە کراس و کەوا پێکەوە دادەماڵن
لەوانەی بە دڵنیاییەوە تێدەپەڕن،
وەک ئەوانەی لە جەنگ دەگەڕێنەوە.
٩ ژنانی گەلەکەم دەردەکەن
لەو ماڵانەیان کە دڵیان پێی خۆشە.
بەرەکەتەکەم لە منداڵەکانیان
بۆ هەتاهەتایە دەبەیت.
١٠ هەستن و بڕۆن!
چونکە ئەمە شوێنی حەسانەوە نییە،
لەبەر ئەوەی گڵاو بوو،
وێران بوو،
وێرانبوونێکی خراپ.
١١ ئەگەر درۆزن و چەواشەکار بێت و بڵێت:
”پێشبینیت بۆ دەکەم،
سەبارەت بە شەراب و مەی زۆر دەبێت،“
ئەوا ئەو دەبێتە پێغەمبەری ئەم گەلە!
بەڵێنی ڕزگاری
١٢ «ئەی یاقوب،
بە دڵنیایی بە تەواوی کۆتدەکەمەوە،
بە دڵنیایی پاشماوەی ئیسرائیل خڕدەکەمەوە.
یەکیاندەخەم وەک ڕانە مەڕی ناو پشتیر*،
وەک ڕانێک لەناو لەوەڕگاکەی،
ئەم شوێنە پڕ لە خەڵک دەبێت.
١٣ کەلێندڕ پێشیان دەکەوێت،
دەروازەکە دەشکێنن و لێی تێدەپەڕن و دێنە دەرەوە.
پاشاکەشیان لەپێشیانەوە تێدەپەڕێت،
یەزدانیش پێشەنگیانە.»