نزای یونس
١ یونس لەناو سکی ماسییەکەوە نزای بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد،
٢ گوتی:
«لە تەنگانەمدا هاوارم بۆ یەزدان کرد،
وەڵامی دامەوە.
لەناو سکی جیهانی مردووانەوە هاوارم کرد،
گوێت لە دەنگم بوو.
٣ فڕێتدامە قووڵایی،
لەناو جەرگەی دەریاکان،
لافاو دەوری دام،
شەپۆلەکانت بە لێشاو
دایانپۆشیم.
٤ گوتم:
”لەبەرچاوت دەرکرام،
بەڵام دەگەڕێمەوە
بۆ تەماشاکردنی پەرستگای پیرۆزت.“
٥ ئاو دەوری دام،
تاکو ئەوەی ترس گەیشتە گیانم،
قووڵایی دەوری گرتم،
گیای دەریا لەسەرم ئاڵا.
٦ هەتا بنی چیاکان شۆڕ بوومەوە،
بۆ هەتاهەتایە لە زەوی بەندی کردم.
ئەی یەزدانی پەروەردگارم،
بەڵام تۆ ژیانی منت لە جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە.
 
٧ «ئەی یەزدان،
کاتێک گیانم شەکەت بوو،
تۆم بیرکەوتەوە،
نزاکەم گەیشتە لات،
بۆ پەرستگای پیرۆزت.
 
٨ «ئەوانەی بتی پووچ دەپەرستن
لە خۆشەویستی خودا بۆ خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە.
٩ بەڵام من بە دەنگی ستایشەوە
قوربانیت بۆ سەردەبڕم،
ئەوەی نەزرم کردووە بەجێی دەهێنم.
ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.»
١٠ ئینجا یەزدان فەرمانی بە ماسییەکە دا،
ئەویش ڕشایەوە و یونسی فڕێدایە سەر وشکانی.