شێوەی کوللە و ئاگر و شاووڵێک
١ یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام،
لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا،
گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە.
٢ پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە،
گوتم:
«ئەی یەزدانی باڵادەست،
تکایە ببەخشە!
یاقوب چۆن هەستێتەوە،
چونکە بچووکە!»
٣ یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی:
«ئەمە ڕوونادات.»
٤ یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام:
ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد،
ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی* لووشدا،
خاکەکەشی خوارد.
٥ ئینجا گوتم:
«یەزدانی باڵادەست،
تکایە با بەس بێت!
یاقوب چۆن هەستێتەوە،
چونکە بچووکە!»
٦ یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە.
یەزدانی باڵادەست فەرمووی:
«هەروەها ئەمەش ڕوونادات.»
 
٧ ئاوای پیشان دام:
پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو.
٨ یەزدان پێی فەرمووم:
«ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟»
منیش گوتم:
«شاووڵ.»
ئینجا پەروەردگار فەرمووی:
«ئەوەتا من شاووڵێک لە ناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم،
پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
٩ «نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن و
پیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن،
بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.»
ئامۆس و ئەمەسیا
١٠ جا ئەمەسیای کاهینی بێت‌ئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی:
«ئامۆس لە ناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە،
خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت،»
١١ چونکە ئامۆس وای گوتووە:
«”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت،
ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆی
بێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“»
١٢ ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت:
«ئەی پێشبینیکەر،
بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا،
لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە.
١٣ بەڵام چیتر لە بێت‌ئێل پێشبینی مەکە،
چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.»
١٤ ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت:
«من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم،
بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم.
١٥ بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم،
یەزدان پێی فەرمووم:
”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“
١٦ ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە،
تۆ دەڵێیت:
«”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە،
لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“
١٧ «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات،
کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن،
زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت،
خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت،
ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆی
بە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“»