یۆئێل
کورتە باسێک
ڕۆژی سزای دادپەروەرانە نزیکە، بە ڕاستگۆییەوە تۆبە بکەن، بگەڕێنەوە لای خودا، بەرەکەتدار دەبن.‏
 
زۆربەی شارەزایانی کتێبی پیرۆز مێژووی ئەم پەڕتووکە دەگەڕێننەوە بۆ سەدەی حەوتەمی بەر لە زایین. لەم پەڕتووکە پێغەمبەر یۆئێل هێرشکردنی کوللەی وەک هێمایەک بەکارهێناوە بۆ ئەوەی باسی سزای خودا بکات کە هەر دەبێت بێتە سەر ئۆرشەلیم. هەروەک ڕەوە کوللە بەروبوومی هەموو خاکەکەی لووشدا بە هەمان شێوەی لەشکری دوژمنان هەموو خاکی یەهودا ڕاو دەکەن، مەگەر ئەوەی کە لە گوناهەکانیان تۆبە بکەن و هەموویان بگەڕێنەوە لای خودا. ئەگەر گەل بەدەنگ پەیامەکەی پێغەمبەر یۆئێلەوە بێن و واز لە خراپەکانیان بهێنن ئەوا دەرفەت لەدەست نەچووە و لەبەردەستە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنن. ڕەزامەندی خودا تەنها بۆ ئەو سەردەم نییە بەڵکو بۆ داهاتووشە، بۆ ئەو کاتەی کە خودا ڕۆحی خۆی بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژێت ‏(٢‏:٢٨‏-٣٢‏)‏. هەندێک لەوانە هاتنە دی، هەروەک لە پەیمانی نوێ لە ڕۆژی پەنجایەمین دەرکەوت ‏(کردار ٢‏:١٦‏-٢١‏)‏.
تەوەری پەیامی یۆئێل لەسەر سزای خودا بوو کە بەرەو ڕوویان دەهات لە ئەگەری تۆبە نەکردنی خەڵکی ئۆرشەلیم. هەروەک ڕەوە کوللە خاکەکەیان لە هەموو دارێکی سەوز داماڵی و بە وشکی بەجێیان هێشت، بە هەمان شێوە خودا وا دەکات خاکەکە خەڵکەکەی خۆی لێ نەمێنێت؛ بەڵام ئەگەر تۆبەیان کرد و دڵیان بۆ خودا بوو، ئەوا دڵخۆش دەبن و بەرەکەتەکانی خودا وەردەگرن.