بانگکردنی شایەتەکان لە دژی ئیسرائیل
١ ئەی نەوەی ئیسرائیل،
گوێتان لەم فەرمایشتە بێت کە یەزدان فەرموویەتی،
لە دژی ئێوە و هەموو ئەو خێڵەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان،
کە فەرمووی:
٢ «تەنها ئێوەم ناسی
لە هەموو خێڵەکانی زەوی،
لەبەر ئەوە سزاتان دەدەم،
لەسەر هەموو تاوانەکانتان.»
 
٣ ئایا دووان پێکەوە هاتوچۆ دەکەن،
بێ ئەوەی ڕێک بکەون؟
٤ ئایا شێر لە دارستان دەنەڕێنێت،
ئەگەر نێچیری نەبێت؟
ئایا بەچکە شێر لە لانەکەیەوە دەنگی دێت،
بێ ئەوەی هیچی ڕفاندبێت؟
٥ ئایا باڵندە دەکەوێتە ناو داوی زەوییەوە،
لە کاتێکدا تەڵەی بۆ نەنرابێتەوە؟
ئایا تەڵە لەسەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە،
ئەگەر هیچی نەگرتبێت؟
٦ ئەگەر کەڕەنا لە شاردا لێبدرێت،
ئایا گەل ناترسێت؟
ئەگەر بەڵایەک لە شاردا ڕوو بدات،
ئایا یەزدان نەیکردووە؟
 
٧ بێگومان یەزدانی باڵادەست هیچ کارێک ناکات
بێ ئەوەی نهێنییەکەی بۆ بەندە پێغەمبەرەکانی ئاشکرا بکات.
 
٨ شێر نەڕاندی،
کێ ناترسێت؟
یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت،
کێ هەیە بتوانێت پەیامی خودا ڕانەگەیەنێت؟
 
٩ بە قەڵاکانی ئەشدۆد و خاکی میسر ڕایبگەیەنن و
پێیان بڵێن:
«لەسەر چیاکانی سامیرە کۆببنەوە،
ئەو هاتوهاوارە زۆرەی ناوەڕاستی ببینن،
ئەو زۆردارییەی لەناویدا هەیە.»
 
١٠ یەزدان دەفەرموێت:
«نازانن کاری باش بکەن،
ئەوانەی بەرهەمی تاڵان و ستەمکاری لە قەڵاکانیان ئەمبار دەکەن.»
١١ لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«دوژمن دێنە چواردەوری خاکەکە و
هێزتان لێ کەم دەکاتەوە و
قەڵاکانتان تاڵان دەکرێن.»
١٢ یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«وەک چۆن شوان دوو قاچ یان پارچە گوێیەک
لە دەمی شێر دەردەهێنێت،
ئاواش ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی سامیرە
بە گۆشەی قەرەوێڵەیەک و
بە پارچە پێخەفێک دەردەکرێن.»
١٣ «گوێ بگرن و شایەتی لەسەر بنەماڵەی یاقوب بدەن،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگار،
خودای سوپاسالارە.
١٤ «لەو ڕۆژەی کە سزای ئیسرائیل دەدەم لەسەر یاخیبوونەکانی،
سزای قوربانگاکانی بێت‌ئێلیش دەدەم،
جا قۆچی قوربانگاکان دەبڕێنەوە و
دەکەونە سەر زەوی.
١٥ کۆشکی زستانە دادەڕمێنم،
هەروەها کۆشکی هاوینەش،
کۆشکە عاجەکانیش لەناودەچن و
هەموو کۆشکەکان کۆتاییان پێدێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.