هۆشەع
١ ئەمە ئەو پەیامەی یەزدانە کە لە سەردەمەکانی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ هۆشەعی کوڕی بئێری هات،
 کە هاوسەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل بوو.
ژن و منداڵی هۆشەع
٢ سەرەتا یەزدان لە ڕێگەی هۆشەعەوە پەیامی خۆی ڕاگەیاند،
 ئینجا بە هۆشەعی فەرموو:
 «بڕۆ ژنێکی سۆزانی بهێنە و با منداڵی زۆڵت* ببێت،
 چونکە خەڵکی خاکەکە وەک ژنێکی داوێنپیس ناپاکی بەرامبەر بە یەزدان کردووە.» 
 ٣ ئەویش گۆمەری کچی دیڤلایمی هێنا،
 سکی پڕ بوو،
 کوڕێکی لێ بوو.
٤ یەزدان بە هۆشەعی فەرموو:
 «ناوی بنێ یەزرەعیل،
 چونکە پاش کەمێکی دیکە بنەماڵەی یێهو سزا دەدەم،
 لەسەر ئەو خوێنەی کە لە یەزرەعیل ڕشتیان،
 پاشایەتی ئیسرائیلیش لەناودەبەم. 
 ٥ لەو ڕۆژەدا کەوانی ئیسرائیل لە دۆڵی یەزرەعیلدا دەشکێنم.»
٦ دیسان گۆمەر سکی پڕ بوو،
 کچێکی بوو.
 یەزدان بە هۆشەعی فەرموو:
 «ناوی لێ بنێ لۆڕوحامە*،
 چونکە چیتر بەزەییم بە بنەماڵەی ئیسرائیلدا نایەتەوە،
 لێیان خۆشنابم. 
 ٧ بەڵام بەزەییم بە بنەماڵەی یەهودا دێتەوە،
 بە کەوان،
 شمشێر یان جەنگ،
 ئەسپ و سوار ڕزگاریان ناکەم،
 بەڵکو بە یەزدانی پەروەردگاریان ڕزگاریان دەکەم.»
٨ لەدوای ئەوەی گۆمەر لۆڕوحامەی لە شیر بڕییەوە،
 دیسان سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو. 
 ٩ یەزدان فەرمووی:
 «ناوی لێ بنێ لۆعامی*،
 چونکە ئێوە گەلی من نین و منیش بۆ ئێوە نابم.
١٠ «بەڵام لە داهاتوودا ژمارەی نەوەکانی ئیسرائیل وەک لمی دەریا دەبێت کە ناپێورێن و ناژمێردرێن،
 لەو شوێنەی پێیان گوترا،
 ”ئێوە گەلی من نین،“
 بە ”ڕۆڵەکانی خودای زیندوو“ ناودەبردرێن. 
 ١١ لەو کاتەدا نەوەی یەهودا و نەوەی ئیسرائیل یەکدەگرنەوە و یەک سەرۆک بۆ خۆیان دادەنێن،
 لەو خاکەی بۆی ڕاپێچ کراون سەردەکەون و دێنە دەرەوە،
 چونکە ڕۆژی یەزرەعیل گەورە دەبێت.»