نیشانەی ڕاپێچکردن
١ فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات،
پێی فەرمووم:
٢ «ئەی کوڕی مرۆڤ،
تۆ لەناو ماڵێکی یاخیدا نیشتەجێی،
ئەوانەی چاویان هەیە بۆ ئەوەی ببینن،
بەڵام نابینن،
گوێیان هەیە بۆ ئەوەی ببیستن،
بەڵام نابیستن،
چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.
٣ «لەبەر ئەوە،
ئەی کوڕی مرۆڤ،
هەگبەی ڕاپێچکردن بۆ خۆت ئامادە بکە و بە ڕۆژ لەبەرچاویان بڕۆ،
لەم شوێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە لەبەرچاویان بڕۆ،
بەڵکو تێبگەن،
هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.
٤ بە ڕۆژ لەبەرچاویان هەگبەکەت دەردەهێنیت،
وەک هەگبەی ڕاپێچکراوان.
ئێوارە لەبەرچاویان بڕۆ دەرەوە،
وەک ئەوانەی ڕاپێچ دەکرێن.
٥ بە بەرچاویانەوە دیوار کون بکە و لە کونەکەوە هەگبەکە دەربهێنە.
٦ بە بەرچاویانەوە لەسەر شانت هەڵیبگرە،
کاتێک کە تاریکی دادێت دەریبهێنە،
دەموچاوت داپۆشە کە خاکەکە نەبینیت،
چونکە تۆم کردووە بە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.»
٧ منیش هەروەک ئەوەی فەرمانم پێ کرابوو وام کرد.
هەگبەکەم وەک هەگبەی ڕاپێچکردن بە ڕۆژ دەرهێنا،
ئێوارەش بە دەستی خۆم دیوارم کون کرد،
کە تاریکی داهات لەبەرچاویان لەسەر شانم هەڵمگرت و هێنامە دەرەوە.
٨ بۆ بەیانی فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات،
پێی فەرمووم:
٩ «ئەی کوڕی مرۆڤ،
ئایا گەلی ئیسرائیلی یاخی لە تۆیان نەپرسی:
”ئەوە چی دەکەیت؟“
١٠ «پێیان بڵێ:
”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
ئەم سروشە* سەبارەت بەو میرەیە کە لە ئۆرشەلیمە و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و بۆ ئەوانەش کە لەوێن.“
١١ بڵێ:
”من نیشانەم بۆ ئێوە.“
«من چیم کرد،
ئاوایان پێ دەکرێت،
بە دیل دەگیرێن و ڕاپێچ دەکرێن.
١٢ «ئەو میرەش کە لەنێویانە کە تاریکی داهات هەگبەکەی لەسەر شان هەڵدەگرێت و دەڕوات.
دیوار کون دەکەن هەتا لێوەی بچنە دەرەوە.
دەموچاوی دادەپۆشێت هەتا بە چاوی خۆی خاکەکە نەبینێت.
١٣ منیش تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە،
دەکەوێتە تۆڕەکەمەوە،
دەیهێنم بۆ بابل،
خاکی کلدانییەکان،
بەڵام نایبینێت و لەوێ دەمرێت.
١٤ هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون بۆ یارمەتیدانی و هەموو لەشکرەکانی،
بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازەیان دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
١٥ «ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم،
کاتێک بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان دەکەم و بەنێو شانشینەکاندا پەرتەوازەیان دەکەم.
١٦ چەند کەسێکی کەمیان لە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لێ دەهێڵمەوە،
هەتا لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان دەچن باسی هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن،
ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
١٧ فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات،
پێی فەرمووم:
١٨ «ئەی کوڕی مرۆڤ،
بەدەم لەرزینەوە نانت بخۆ،
بە ترس و خەمەوە ئاوت بخۆوە.
١٩ بە گەلی خاکەکە بڵێ:
”یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم و خاکی ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
بە خەمەوە نانیان دەخۆن و بە واقوڕمانەوە ئاویان دەخۆنەوە،
چونکە خاکەکەیان وێران دەبێت لەبەر پڕبوونی لە ستەمی هەموو دانیشتووانەکەی ناوی.
٢٠ شارە ئاوەدانەکان کاول دەکرێن و خاکەکە چۆڵ دەبێت،
ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
٢١ فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات،
پێی فەرمووم:
٢٢ «ئەی کوڕی مرۆڤ،
ئەم پەندە چییە کە لەسەر خاکی ئیسرائیل هەتانە،
ئەوەی دەڵێت:
”ڕۆژگار درێژەی کێشا و هەموو بینینەکان نایەنە دی“؟
٢٣ لەبەر ئەوە پێیان بڵێ:
”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
ئەم پەندە بەتاڵ دەکەمەوە و ئیتر لەناو ئیسرائیلدا نایکەن بە پەند.“
بەڵکو پێیان بڵێ:
”ڕۆژگار نزیک بووەوە،
هەموو بینینێک دێتە دی،
٢٤ چونکە لەمەودوا هیچ بینینێکی بەتاڵ و فاڵگرتنەوەی زمان لووسی لەنێو بنەماڵەی ئیسرائیلدا نابێت.
٢٥ بەڵکو من یەزدانم،
ئەوەی بمەوێت بیفەرمووم،
دەیفەرمووم و دێتە دی.
ئەی بنەماڵەی یاخی،
لەمەودوا درێژە ناکێشێت،
چونکە ئەوەی دەیفەرمووم لە سەردەمی خۆتان دەیهێنمە دی.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
٢٦ فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات،
پێی فەرمووم:
٢٧ «ئەی کوڕی مرۆڤ،
وا بنەماڵەی ئیسرائیل دەڵێن:
”ئەو بینینەی بۆی ئاشکرا کرا بۆ ڕۆژگارێکی زۆر لەدوای ئەمەیە و ئەو بۆ سەردەمە دوورەکان پێشبینی دەکات.“
٢٨ «لەبەر ئەوە پێیان بڵێ:
”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
لەمەودوا هیچ یەک لە وشەکانم درێژە ناکێشێت،
ئەو وشەیەی فەرمووم دێتە دی.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»