سەپاندنی حوکمی یەزدان
١ ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی هێنایە لای دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان.
بیست و پێنج پیاو لەبەر دەروازەکە بوون و لەنێویاندا دوو ڕابەری گەل،
یازەنیاهوی کوڕی عەزور و پەلەتیای کوڕی بەنایام بینی.
٢ یەزدان پێی فەرمووم:
«ئەی کوڕی مرۆڤ،
ئەوانە ئەو پیاوانەن کە بیر لە بەدکاری دەکەنەوە،
لەم شارە پیلان دادەڕێژن و ڕاوێژی خراپ پێشکەش دەکەن،
٣ دەڵێن:
”کاتەکە لەبار نییە بۆ دروستکردنی خانوو،
شار مەنجەڵە و ئێمەش گۆشتەکەین.“
٤ لەبەر ئەوە پێشبینی بکە لەسەریان،
ئەی کوڕی مرۆڤ،
پێشبینی بکە!»
٥ جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و پێی فەرمووم:
«بڵێ،
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل،
ئێوە وا دەڵێن،
بەڵام من دەزانم چی لەژێر سەرتانە.
٦ زۆرتان لەو شارە کوشتووە،
کۆڵانەکانیتان پڕکرد لە کوژراو.
٧ «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
ئەوانەی ئێوە کوشتتان و فڕێتاندانە ناوەڕاستی شارەکە،
ئەوان گۆشتن و شاریش مەنجەڵەکە،
ئێوەش لە ناوەڕاستی دەردەکەم.
٨ ئێوە لە شمشێر دەترسن،
شمشێرتان دەهێنمە سەر.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
٩ لە شار دەرتاندەهێنم و دەتاندەمە دەست بێگانە،
سزاتان دەدەم.
١٠ بە شمشێر دەکوژرێن،
لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم،
ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
١١ ئەم شارە بۆ ئێوە نابێت بە مەنجەڵ و ئێوەش نابن بە گۆشتەکەی ناوی،
بەڵکو لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم.
١٢ ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم،
چونکە ڕێگای فەرزەکانی منتان پەیڕەو نەکردووە و کارتان بە حوکمەکانی من نەکردووە،
بەڵکو بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەری خۆتان ڕۆیشتن.»
١٣ کاتێک کە پێشبینیم دەکرد،
پەلەتیای کوڕی بەنایا مرد.
جا بەسەر ڕوومدا کەوتم و بە دەنگێکی بەرز هاوارم کرد و گوتم:
«ئای یەزدانی باڵادەست!
ئایا تۆ پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەبەیت؟»
١٤ ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات،
پێی فەرمووم:
١٥ «ئەی کوڕی مرۆڤ،
دانیشتووانی ئۆرشەلیم سەبارەت بە براکانت،
خزمەکانی خۆت و هەموو ڕاپێچکراوانی گەلی ئیسرائیل،
گوتیان:
”ئەوان لە یەزدان دوور کەوتنەوە،
لەبەر ئەوە یەزدان خاکەکەی بە میرات بە ئێمە بەخشی.“
بەڵێنی کۆکردنەوەی ئیسرائیل
١٦ «لەبەر ئەوە بڵێ:
”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکانیش دوورم خستبنەوە و بەناو خاکەکاندا پەرتەوازەم کردبن،
بۆ ماوەیەکی کەم بۆ ئەوان بووم بە پیرۆزگایەک لەو خاکانەی کە بۆی چوون.“
١٧ «لەبەر ئەوە بڵێ:
”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
من لەنێو گەلان کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئەو خاکانەی تێیدا پەرتەوازە بوونە دەتانگەڕێنمەوە و خاکی ئیسرائیلتان پێدەدەمەوە.“
١٨ «بۆ ئەوێ دەگەڕێنەوە و هەموو وێنەیەکی قێزەون و بتێکی گڵاوی لێ دادەماڵن.
١٩ یەک دڵیان دەدەمێ،
ڕۆحێکی تازە دەخەمە ناویانەوە.
ئەو دڵە بەردینەیان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینیان دەدەمێ،
٢٠ بۆ ئەوەی ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاری پێ بکەن،
ببن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان.
٢١ بەڵام ئەوانەی دڵیان بەدوای وێنەی قێزەون و بتی گڵاو کەوتووە،
من کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
٢٢ ئینجا کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و چەرخەکانیش لەگەڵیان،
شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو.
٢٣ شکۆمەندی یەزدان لەسەر ناوەڕاستی شارەکە بەرزبووەوە و لەسەر ئەو کێوە ڕاوەستا کە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەیە.
٢٤ ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و لە بینیندا منی هێنایە خاکی بابلییەکان بۆ لای ڕاپێچکراوەکان.
لێرەدا ئەو بینینە لەبەرچاوم نەما،
٢٥ ئیتر هەموو ئەوەی یەزدان پیشانی دام بە ڕاپێچکراوەکانم ڕاگەیاند.