١ «ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ،
شمشێرێکی تیژ وەک گوێزانی سەرتاش بۆ خۆت ببە و بەسەر سەر و ڕیشتدا بیهێنە.
تەرازووێک بۆ کێشان بۆ خۆت ببە مووەکە بەش بکە.
٢ کە ڕۆژانی گەمارۆکە تەواو دەبێت سێیەکی لە ناوەڕاستی شارەکەدا بە ئاگر بسووتێنە،
سێیەکیشی ببە و لە دەوروبەری شارەکە بە شمشێر لێی بدە،
سێیەکیشی بە بادا بکە،
لەبەر ئەوەی من بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
٣ چەند تاڵێک مووی کەم بە ژمارە لێی ببە و بە دامێنی کراسەکەی خۆتەوە گرێی بدە.
٤ هەروەها هەندێکیشی ببە و فڕێیبدە ناو ئاگر و بە ئاگر بیسووتێنە.
لەوەوە ئاگر دەردەچێت بۆ سەر هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل.
٥ «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
ئەمە ئۆرشەلیمە کە لە ناوەڕاستی نەتەوەکاندا داممەزراند،
چەند خاکێکیش بە چواردەوریدا.
٦ جا لە نەتەوەکان و لە خاکەکانی دەوروبەری خراپتر لە حوکم و لە فەرزەکانم یاخی بوو،
چونکە حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن.
٧ «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
لەو نەتەوانەی دەوروبەرتان زیاتر هاتوهەراتان کرد و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن و بەپێی حوکمەکانی منتان نەکرد.
تەنانەت بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەریشتان نەڕۆیشتن.
٨ «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
ئەی ئۆرشەلیم،
منیش لە دژی تۆم،
لەبەرچاوی نەتەوەکان سزاکان بەسەرتدا دەسەپێنم.
٩ لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت،
وات پێ دەکەم کە نەمکردووە،
پاشان وەک ئەوە ناکەمەوە.
١٠ لەبەر ئەوە لەناو تۆدا باوک کوڕ دەخوات و کوڕیش باوکی دەخوات،
سزاکانم دەسەپێنم و هەموو پاشماوەکەت بە دەم هەموو بایەکەوە پەرتەوازە دەکەم.
١١ لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
بە گیانی خۆم،
لەبەر ئەوەی بە هەموو پەیکەرە گڵاو و وێنە قێزەونەکانت* پیرۆزگای منت گڵاوکرد،
پاڵپشتیت ناکەم و بە چاوی بەزەییەوە تەماشات ناکەم و دەستم لێت ناپارێزم.
١٢ سێیەکت بە دەرد دەمرێت و بە قاتوقڕی لە ناوەڕاستی تۆدا لەناودەچن،
سێیەکیشت بە شمشێر لە دەوروبەرت دەکوژرێن،
سێیەکیشت بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازە دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
١٣ «ئینجا تووڕەییم تەواو دەبێت و هەڵچوونم دادەمرکێتەوە و تۆڵەیان لێ ناکەمەوە.
کاتێک هەڵچوونم هەڵڕشت دەزانن کە من یەزدانم لە کاتی دڵگەرمیم فەرمووم.
١٤ «وێران و ڕیسوات دەکەم لەنێو ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان،
لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک.
١٥ جا ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان لێت دەتۆقن و دەبیتە مایەی ڕیسوایی و جنێو و ئاگادارکردنەوە،
کە بە تووڕەیی و هەڵچوون و سەرزەنشتی توندەوە سزام بەسەرتدا سەپاند.
من یەزدانم،
ئەوەم فەرموو.
١٦ کە تیری کوشندەی قاتوقڕیم تێگرتن،
ئەوەی بۆ وێرانی دەبێت،
بۆ وێرانیتان دەیهاوێم.
نانتان لێ دەبڕم و قاتوقڕیتان لەسەر زیاد دەکەم.
١٧ کاتێک قاتوقڕی و دڕندەی خراپ دەنێرمە سەرتان،
جەرگتان دەسووتێنن.
دەرد و خوێن بەناوتدا تێدەپەڕێت و شمشێر بەسەرتدا دەهێنم.
* من یەزدانم،
ئەوەم فەرموو.»