نیشانەی گەمارۆدانی ئۆرشەلیم
١ «ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ،
 خشتێک بۆ خۆت ببە و لەبەردەمی خۆتی دابنێ و وێنەی شاری ئۆرشەلیمی لەسەر بکێشە. 
 ٢ گەمارۆی بدە:
 قوللە لە دەوری بنیاد بنێ،
 سەنگەر لە دەوری دروستبکە،
 لەشکر لە دەوری کۆبکەرەوە و مەنجەنیق لە دەوری دابنێ. 
 ٣ ئینجا ساجێکی ئاسن بۆ خۆت ببە و بیکە بە شوورایەکی ئاسن لەنێوان خۆت و شارەکە،
 چاوی تێ ببڕە،
 جا لەژێر گەمارۆ دەبێت و گەمارۆی دەدەیت.
 ئەوە دەبێتە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
٤ «ئینجا لەسەر تەنیشتی چەپەت ڕابکشێ و تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل بخە سەر خۆت،
 بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی ڕادەکشێی تاوانی ئەوان دەخەیتە ئەستۆی خۆت. 
 ٥ منیش ساڵانی تاوانی ئەوانم بۆ کردووی بە ژمارەی ڕۆژەکان،
 لەبەر ئەوە سێ سەد و نەوەد ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەخەیتە ئەستۆی خۆت.
٦ «کاتێک تەواوت کرد،
 لەسەر لای ڕاستت ڕابکشێ،
 جا بۆ ماوەی چل ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی یەهودا دەخەیتە ئەستۆی خۆت،
 هەر ڕۆژێک لە جیاتی ساڵێک. 
 ٧ جا ڕووت لە گەمارۆی ئۆرشەلیم بکە و بازووی لێ هەڵبکە و پێشبینی لەسەر بکە. 
 ٨ من بە گوریس دەتبەستمەوە بۆ ئەوەی لەم تەنیشتەوە خۆت وەرنەگەڕێنیتە سەر ئەو تەنیشت هەتا ڕۆژانی گەمارۆکەت تەواو دەکەیت.
٩ «تۆش گەنم و جۆ و پاقلە و نیسک و هەرزن و ماش بۆ خۆت ببە و لەناو یەک دەفردا دایانبنێ،
 بۆ خۆت بیکە بە نانی ڕۆژانە بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی لەسەر تەنیشت ڕادەکشێیت،
 سێ سەد و نەوەد ڕۆژ لێی دەخۆیت. 
 ١٠ ئەو خواردنەش کە دەیخۆیت بە کێشانە دەبێت،
 هەر ڕۆژەی بیست شاقل*،
 هەر جارێک کەمێکی دەیخۆیت. 
 ١١ ئاویش بە پێوانە دەخۆیتەوە،
 یەک لەسەر شەشی هەینێک*،
 هەر جارێک کەمێکی دەخۆیتەوە. 
 ١٢ کولێرەی جۆ دەخۆیت،
 لەسەر ئەو پیساییەی لە مرۆڤەوە دەردەچێت لەبەرچاویان دەیبرژێنیت.» 
 ١٣ یەزدان فەرمووی:
 «نەوەکانی ئیسرائیل بەم چەشنە نانی گڵاو دەخۆن لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەریاندەکەم.»
١٤ منیش گوتم:
 «ئای،
 ئەی یەزدانی باڵادەست!
 هەرگیز خۆمم گڵاو نەکردووە.
 لە منداڵیمەوە هەتا ئێستا نە گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبوو و نە گۆشتی نێچیرم خواردووە.
 هیچ گۆشتێکی گڵاو نەچووەتە دەممەوە.»
١٥ ئەویش پێی فەرمووم:
 «تەماشا بکە،
 ڕیخی مانگام بۆت دانا لە جیاتی پیسایی مرۆڤ،
 جا نانەکەتی لەسەر دروستدەکەیت.»