خوداوەندەکانی بابل
١ بێل* چۆکی دادا و نەبۆ چەمایەوە،
بتەکانیان بارن بۆ ڕەشەوڵاخ.
ئەوەی باری دەکەن باری هەڵگیراون،
بارن بەسەر ئاژەڵە ماندووەکانەوە.
٢ هەموو چەمانەوە،
پێکەوە چۆکیان دادا،
نەیانتوانی بارەکە دەرباز بکەن و
ئەوان خۆشیان ڕاپێچ کران.
 
٣ «ئەی بنەماڵەی یاقوب،
گوێم لێ بگرن،
ئەی هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئیسرائیل،
ئەی ئەوانەی هەڵمگرتوون لەو کاتەوەی لەناو ڕەحم بوونە،
لەو ڕۆژەوەی کە لەدایک بوونە گرنگیم پێداون.
٤ هەتا پیریش بن هەر من ئەوم،
هەتا ڕیش سپیێتیش هەر من هەڵتاندەگرم.
من دروستم کردوون و ئێوە باری منن،
هەر من هەڵدەگرم و دەرباز دەکەم.
 
٥ «بە کێ هاوشێوەم دەکەن و یەکسانم دەکەن و
هاووێنەم دەکەن بۆ ئەوەی لە یەک بچین؟
٦ ئەوانە زێڕ لە کیسەوە بەتاڵ دەکەن و
زیویش بە تەرازوو دەکێشن،
زێڕنگەرێک بەکرێ دەگرن و دەیکاتە خوداوەندێک،
ڕوو لە زەوی دەکەن بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبەن.
٧ دەیخەنە سەر شان،
هەڵیدەگرن،
لە جێی خۆی دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕاوەستێت،
لە جێی خۆی ناجوڵێتەوە.
هاواری بۆ دەکات و وەڵام ناداتەوە،
لە تەنگانەکەی ڕزگاری ناکات.
 
٨ «ئەمەتان لەبیر بێت و وردبنەوە!
ئەی یاخیبووان،
بیخەنە مێشکتانەوە.
٩ سەرەتاکانتان لەبیر بێت کە لە کۆنەوەیە،
بە ڕاستی من خودام و یەکێکی دیکە نییە،
خودام و هیچی دیکە نییە وەک من.
١٠ لە سەرەتاوە کۆتاییم ڕاگەیاندووە،
لە کۆنەوەش ئەوەی هێشتا نەکراوە.
فەرمووم:
”ڕاوێژی من سەر دەگرێت،
هەموو ئەوەی پێم خۆشە دەیکەم.“
١١ داڵ لە ڕۆژهەڵاتەوە بانگ دەکەم،
لە خاکێکی دووریشەوە ئەوەی ئامانجی من بەجێدەگەیەنێت.
فەرمووم و ئەنجامی دەدەم،
دامڕشتووە و دەیکەم.
١٢ ئەی کەللەڕەقەکان،
گوێم لێ بگرن،
ئەی دوورەکان لە ڕاستودروستی.
١٣ ڕاستودروستی خۆمم نزیک خستووەتەوە،
دوور ناکەوێتەوە و
ڕزگاربوونم دوا ناکەوێت.
ڕزگاری بە سییۆن دەبەخشم،
بە ئیسرائیلی شکۆمەندیم.