یەرمیا
کورتە باسێک
تەنها خودا دەتوانێت چارەنووسی مرۆڤ دیاری بکات.‏
 
پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە کە پێغەمبەر یەرمیا تۆماری کردوون دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی شەشەمی بەر لە زایین، سەبارەت بە گرنگی قبوڵکردنی سزای خودا کە تێیدا هیچ خۆ لێ لادانێک نییە، چونکە قبوڵکردنی هەنگاوێکە بۆ ژیانێکی نوێ. یەرمیا بە درێژایی چل ساڵی کۆتایی شانشینی یەهودا ژیاوە، ئازاری هێرشکردنی لەشکری کلدانی چێژتووە، هەروەها داگیرکردن و ڕاپێچانی خەڵکەکەی و وێرانکردنی پەرستگای بینیوە. خەڵکی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی بەسەریان دێ، لێیان پاڕاوەتەوە کە بگەڕێنەوە لای خودا و واز لە گوناهەکانیان بهێنن، بەڵام تووشی سووکایەتی و چەوسانەوە هات. ئەم پەڕتووکە زۆر وردەکاری لەسەر ژیانی یەرمیای پێغەمبەر لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی زانیاری زیاترمان پێ ببەخشێت لەسەر ژیانی ئەو، کە وا دەکات ژیانی یەرمیا لە ژیانی هەموو پێغەمبەرەکانی دیکەی پەیمانی کۆن ڕوونتر بێت.
لەنێو ئەو کارەساتەی بەسەر یەهودا هات یەرمیا تەنها یەک پەیامی هەبوو بە خەڵکی ڕادەگەیاند: «تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە لای خودا». بانگەوازی بۆ دەکردن کە واز لە بیرکردنەوەی پووچ بهێنن و بە شێوەیەکی شایستە ڕێز لە خودا بگرن، لە ژیانی نەتەوەی جولەکە. هیچ شتێک ناتوانێ گەلی جولەکە لە چارەنووسەکەیان ڕزگار بکات، نە سامان و نە لەشکرەکەیان، نە پیاوە سیاسەتمەدارەکانیان، تەنانەت ئایینەکەشیان ناتوانێ ڕزگاریان بکات، بەڵکو تەنها خودا خۆی دەتوانێ ڕزگاریان بکات. وێرانبوونی ئۆرشەلیم وەک یادەوەرییەکی هەمیشە زیندوو لە هەموو سەردەمێک دەمێنێتەوە و چارەنووسی نەتەوەی جولەکەمان پیشان دەدات لەدوای ئەوەی کە بە خودا ڕازی نەبوون. بەڵام یەرمیا پەیامێکی دیکەی هەبوو کە پەیامی هیوا بوو. لەگەڵ ئەوەی گەلی یەهودا لە خودا دوورکەوتەوە بەڵام خودا لێیان دوورنەکەوتەوە، هەر دەبێ هێزی خۆی پیشان بدات لە پێناوی ڕزگارکردنیان لە دیلیێتی.