نێردراوانی بابل
١ لەو کاتەدا مەرۆدەخ بەلەدانی کوڕی بەلەدانی پاشای بابل نامە و دیاری بۆ حەزقیا نارد،
چونکە بیستی کە نەخۆش کەوتووە و چاک بووەتەوە.
٢ جا حەزقیا دڵخۆش بوو بە هاتنیان و هەموو ماڵ و سامانەکەی پیشان دان،
لە زێڕ و زیو و بۆن و زەیتی چاک و جبەخانەکەی و ئەو شتانەی کە لە گەنجینەکانی بوون.
هیچ شتێک لە کۆشکەکەی و لە شانشینەکەی نەمایەوە کە حەزقیا پیشانیان نەدات.
٣ ئینجا ئیشایا پێغەمبەر هاتە لای حەزقیای پاشا و لێی پرسی:
«ئەو پیاوانە چییان گوت و لەکوێوە هاتوونەتە لات؟»
حەزقیاش وەڵامی دایەوە:
«لە خاکێکی دوورەوە،
لە بابلەوە هاتوون.»
٤ ئیشایا لێی پرسی:
«چییان لە کۆشکەکەت بینی؟»
حەزقیاش وەڵامی دایەوە:
«هەموو شتەکانی ناو کۆشکەکەمیان بینی،
لە گەنجینەکانم هیچ نەمایەوە کە پیشانیان نەدەم.»
٥ ئینجا ئیشایا بە حەزقیای گوت:
«گوێ لە پەیامی یەزدانی سوپاسالار بگرە،
٦ یەزدان دەفەرموێت:
بێگومان سەردەمێک دێت هەموو ئەوەی لە کۆشکەکەتدایە و هەموو ئەوەی باوباپیرانت هەتا ئەمڕۆ پاشەکەوتیان کردووە بۆ بابل بار دەکرێن،
هیچ شتێک بەجێناهێڵدرێت.
٧ لە نەوەکانیشت،
ئەوانەی لە تۆ دەبن،
ئەوانەی بۆت لەدایک دەبن،
لێیان دەبردرێت و لە کۆشکی پاشای بابل دەبنە کاربەدەستی خەسێنراو.»
٨ حەزقیا وەڵامی ئیشایای دایەوە و گوتی:
«ئەو پەیامەی یەزدان کە بە منت دا،
پەیامێکی باشە،»
چونکە لەبیری خۆیدا گوتی*:
«واتا ئاشتی و ئاسوودەیی لە ماوەی پاشایەتی خۆمدا دەبێت.»