سروشێک سەبارەت بە مۆئاب
١ سروشێک سەبارەت بە مۆئاب:
عار لە مۆئاب وێران بوو،
لە یەک شەودا کاول بوو!
قییر لە مۆئاب وێران بوو،
لە یەک شەودا کاول بوو!
٢ دیڤۆنیش بۆ پەرستگاکەی* سەرکەوت،
بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان بۆ گریان،
مۆئاب بەسەر نیبۆ و مادەبادا شیوەن دەکات.
هەموو سەرێک ڕووتاوەتەوە و
هەموو ڕیشێک تاشراون.
٣ لە شەقامەکانی جلوبەرگی گوش* دەپۆشن،
لە سەربانەکانی و لە گۆڕەپانەکانی
هەموو شیوەن دەکەن
بەخوڕ دەگریێن.
٤ حەشبۆن و ئەلعالێ هاواریانە،
دەنگیان لە یەهەچ دەبیسترێت.
لەبەر ئەوە چەکدارەکانی مۆئاب هاوار دەکەن
گیانیان دەلەرزێت.
 
٥ دڵم بۆ مۆئاب دەناڵێنێت،
هەڵاتووەکانی بەرەو زۆعەر ڕادەکەن،
هەتا عەگلەت شەلیشیا.
بە گریانەوە
لە هەورازەکەی لوحیت سەردەکەون،
لە ڕێگای حۆرۆنایم
هاواری شکست بەرز دەکەنەوە.
٦ ئاوەکانی نیمریم وشک بوون،
گیایەکەش سیس بوو،
لەوەڕگا نەما و
سەوزایی نەما.
٧ لەبەر ئەوە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا و شتە ئەمبارکراوەکانیان
هەتا شیوی ئەسپیندار هەڵدەگرن.
٨ هاوار سنووری مۆئابی گرتەوە،
واوەیلای دەگاتە ئەگلەیم،
واوەیلای لە بیری ئێلیمە.
٩ ئاوەکانی دیمۆن پڕن لە خوێن،
بەڵام زیاتر بەسەر دیمۆندا دەهێنم،
شێر بۆ سەر دەربازبووەکانی مۆئاب و
بۆ پاشماوەی خاکەکە دەهێنم.