ئیشایا و منداڵان وەک نیشانە و هێما
١ یەزدان پێی فەرمووم:
«پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە:
”مەهێر شالال حاش بەز.*“»
٢ هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت،
ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا.
٣ لە پێغەمبەرە ژن* نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو.
یەزدانیش پێی فەرمووم:
«ناوی بنێ:
مەهێر شالال حاش بەز،
٤ چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“
سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.»
٥ ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی:
٦ «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە
ئاوی هێمنی شیلۆوەحی* ڕەتکردەوە،
دڵخۆش بوو بە ڕەچین و
کوڕەکەی ڕەمەلیاهو،
٧ لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە
ئاوی ڕووبارە* بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت،
مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی.
جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و
بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات،
٨ بەناو یەهودا ڕەت دەبێت،
هەڵدەچێت و
تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن،
لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە،
ئەی ئیمانوێل!»
 
٩ ئەی گەلینە،
گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە!
ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان،
گوێ بگرن:
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
١٠ ڕاوێژ بکەن،
پووچ دەبێت،
قسە بکەن،
سەرناگرێت،
چونکە خودا لەگەڵمانە.*
١١ یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم،
کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم:
١٢ «مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“
بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی،
مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن،
مەتۆقە.
١٣ تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و
دەبێ لەو بترسی،
لەو بتۆقی.
١٤ ئەو دەبێتە پیرۆزگا،
بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل
دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.
بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم
دەبێت بە تەڵە و داو.
١٥ زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون،
دەکەون و تێکدەشکێن،
بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.»
 
١٦ ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە،
فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە.
١٧ چاوەڕێی یەزدان دەکەم،
ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە،
من پشت بەو دەبەستم.
١٨ ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە یەزدان پێیداوم،
لەناو ئیسرائیلدا وەک نیشانە و هێمای یەزدانی سوپاسالارین کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە.
تاریکی دەبێتە ڕووناکی
١٩ کە پێتان دەڵێن:
«”پرسیار لە نێوانگرەکان* و ڕۆح ئامادەکاران* بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“
پێیان بڵێ:
”ئەی گەل،
لە خوداکەتان بپرسن.
ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“
٢٠ بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە!
ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن،
گزنگی بەیانییان نابێت.
٢١ بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن،
کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن.
٢٢ ئینجا تەماشای زەوی دەکەن،
ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن،
فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.»