دانانی ئیشایا لەسەر ئەرک
١ لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا،
 پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو،
 دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو. 
 ٢ سەرافیمەکان* لەبەردەستی بوون،
 هەریەکە شەش باڵیان هەبوو،
 بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو،
 بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو،
 بە دووانیش دەفڕی. 
 ٣ ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی:
«یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە،
 پیرۆزە،
 پیرۆزە!
شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»
٤ چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.
٥ گوتم:
 «قوڕبەسەرم،
 فەوتام!
 من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا،
 یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»
٦ ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و 
 ٧ لە دەمی منی سووی و گوتی:
 «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا،
 تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»
٨ ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو،
 دەیفەرموو:
 «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟»
منیش گوتم:
 «ئەوەتام،
 من بنێرە.»
٩ ئەویش فەرمووی:
 «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ:
«”هەمیشە ببیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
هەمیشە سەیر بکەن،
 بەڵام هەرگیز نابینن.“
١٠ دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە،
گوێی گران بکە و
چاوی بنوقێنە،
نەوەک بە چاوی ببینێت و
بە گوێی ببیستێت،
بە دڵی تێبگات و
بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.»
١١ منیش گوتم:
 «ئەی پەروەردگار،
 هەتا کەی؟»
ئەویش فەرمووی:
«هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی
بێ ئاوەدانی و
ماڵەکانیش بێ خەڵک و
کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی،
١٢ هەتا یەزدان هەموو خەڵک دووردەخاتەوە و
شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت.
١٣ ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە،
جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت.
بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو،
کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت،
پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»