١ لەو ڕۆژەدا حەوت ژن یەک پیاو دەگرن و
دەڵێن:
«نانی خۆمان دەخۆین و
بەرگی خۆمان لەبەر دەکەین،
تەنها ڕێگا بدە با بە ناوی تۆوە بانگ بکرێین.
ڕیسواییەکەمان ڕاماڵە!»
لقی یەزدان
٢ لەو ڕۆژەدا لقی یەزدان* دەبێتە جوانی و شکۆ،
بەروبوومی زەویش دەبێتە شانازی و قەشەنگی بۆ دەربازبووانی ئیسرائیل.
٣ جا ئەوەی لە سییۆن ماوەتەوە و ئەوەی لە ئۆرشەلیم بەجێماوە،
پێی دەگوترێت،
پیرۆز،
هەموو ئەوانەی کە خودا بۆ مانەوە لە ژیان لە ئۆرشەلیم هەڵیبژاردوون.
٤ پەروەردگار پیسیی کچانی سییۆن دەشوات؛
بە ڕۆحی حوکمدان و سووتان خوێنەکانی نێو ئۆرشەلیم پاک دەکاتەوە.
٥ ئینجا یەزدان لەسەر هەموو شوێنێکی کێوی سییۆن و لەسەر ئەوانەی لەوێ کۆدەبوونەوە،
بە ڕۆژ هەور و بە شەو دووکەڵ و پڕشنگی ئاگری بڵێسەدار بەدی دەهێنێت،
لەسەر هەموو شکۆیەک کەپر دەبێت.
٦ بە ڕۆژ لەبەر گەرما دەبێت بە چادر بۆ سێبەر و لە لافاو و بارانیش دەبێت بە داڵدە و پەناگا.