گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
١ «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،»
با ئێستا ئیسرائیل بڵێت،
٢ «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،
کاتێک خەڵک لێمان هەستان،
٣ ئەوا بە زیندوویی قووتیان دەداین،
کاتێک قینیان لە دژمان جۆشا،
٤ ئەوا لافاو ڕایدەماڵین،
لێشاو گیانمانی دەبرد،
٥ ئەوا ئاوی هەڵچوو
گیانمانی دەبرد.»
 
٦ ستایش بۆ یەزدان،
کە ئێمەی نەکردە نێچیری بەر کەڵبەیان.
٧ گیانمان وەک چۆلەکە لە داوی ڕاوچی دەربازبوو،
داوەکە پسا و ئێمە دەربازبووین.
٨ هانامان بە ناوی یەزدانەوەیە،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.