گۆرانی گەشتیاران.
١ چاوم بەرەو چیاکان* هەڵدەبڕم،
یارمەتی من لەکوێوە دێت؟
٢ یارمەتی من لەلای یەزدانەوەیە،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.
 
٣ لێ ناگەڕێت پێت بخزێت،
ئەوەی دەتپارێزێت خەواڵوو نابێت.
٤ بێگومان ئەوەی ئیسرائیل دەپارێزێت
خەواڵوو نابێت و نانوێت.
 
٥ یەزدان پارێزگاری تۆیە،
یەزدان سێبەری تۆیە لەلای دەستی ڕاستت،
٦ نە خۆر بە ڕۆژ ئەزیەتت دەدات،
نە مانگ بە شەو.
 
٧ یەزدان لە هەموو خراپەیەک دەتپارێزێت،
گیانت دەپارێزێت.
٨ یەزدان پارێزگاری هاتوچۆت دەکات،
لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.