א (ئەلف)*
١ خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە ڕێگایان تەواوە،
ئەوانەی بەپێی فێرکردنی یەزدان دەڕۆن.
٢ خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە یاساکەی پەیڕەو دەکەن،
بە هەموو دڵەوە ڕوو لە خودا دەکەن.
٣ هەروەها خراپە ناکەن و
بە ڕێگای ئەودا دەڕۆن.
٤ تۆ ڕێنماییەکانت داوە،
بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی گوێڕایەڵی بن.
٥ خۆزگە ڕێگاکانم بچەسپابوونایە
لە بەجێگەیاندنی فەرزەکانت!
٦ ئەو کاتە شەرمەزار نەدەبووم،
کە دەمڕوانییە هەموو ڕاسپاردەکانت.
٧ بە دڵی پاکەوە ستایشت دەکەم،
کاتێک فێری حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
٨ فەرزەکانت بەجێدەهێنم،
هەرگیز وازم لێ مەهێنە.
ב (بێت)
٩ گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟
بە پاراستنی وشەکانت.
١٠ بە هەموو دڵەوە ڕوو لە تۆ دەکەم،
مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.
١١ وشەکانی تۆم لەناو دڵم پاراستووە،
تاکو لە دژی تۆ گوناە نەکەم.
١٢ ئەی یەزدان،
ستایش بۆ تۆ!
فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
١٣ بە لێوەکانی خۆم،
باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.
١٤ بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم،
وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.
١٥ لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە،
چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.
١٦ بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم،
وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.
ג (گیمێل)
١٧ چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە،
تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم.
١٨ چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم،
کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت.
١٩ من نامۆم لە زەوی،
ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە.
٢٠ گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی
بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک.
٢١ سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد،
کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون.
٢٢ ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە،
چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە.
٢٣ هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن،
بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە.
٢٤ یاساکانت شادمانی منن،
ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن.
ד (دالێت)
٢٥ گیانم بە خۆڵەوە نووساوە،
بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
٢٦ باسی ڕێگاکانی خۆمم کرد،
تۆ بەدەنگمەوە هاتیت،
فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
٢٧ ڕێگای ڕێنماییەکانی خۆتم تێبگەیەنە،
لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
٢٨ گیانم لە خەفەتان توایەوە،
بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە.
٢٩ ڕێگای درۆم لێ دووربخەوە،
لەگەڵم میهرەبان بە و فێری تەوراتی خۆتم بکە.
٣٠ ڕێگای ڕاستیم هەڵبژاردووە،
حوکمەکانی تۆم خستووەتە بەرچاوم.
٣١ دەست بە یاساکانی تۆوە دەگرم،
ئەی یەزدان،
ڕێ مەدە شەرمەزار بم!
٣٢ بە ڕاکردن لەسەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت دەڕۆم،
چونکە دڵی منت ئازاد کرد.
ה (هێی)
٣٣ ئەی یەزدان،
فێری ڕێگای فەرزەکانی خۆتم بکە،
هەتا کۆتایی بەجێیان دەهێنم.
٣٤ تێمبگەیەنە و فێرکردنت پەیڕەو دەکەم،
بە هەموو دڵەوە گوێڕایەڵی دەبم.
٣٥ بمخە سەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت،
چونکە دڵخۆشم دەکەن.
٣٦ دڵم بخەرە سەر یاساکانت،
نەک سەر قازانج.
٣٧ چاوم وەرگێڕە لە تەماشاکردنی شتی پووچ،
لە ڕێگای خۆتدا بمبوژێنەوە.
٣٨ بەڵێنی خۆت بۆ خزتمەتکارەکەت بهێنە دی،
ئەوەی بەوانەت داوە کە لێت دەترسن.
٣٩ ئەو سووکایەتییەم لەسەر لابە کە لێی دەترسم،
چونکە حوکمەکانت چاکن.
٤٠ ئەوەتا پەرۆشی ڕێنماییەکانی تۆم،
بە ڕاستودروستی خۆت بمژیێنەوە.
ו (ڤاڤ)
٤١ ئەی یەزدان،
با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت،
ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت،
٤٢ جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات،
چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە.
٤٣ وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە،
چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە.
٤٤ بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم،
هەتاهەتایە و هەتاسەر.
٤٥ بە ئازادی دەڕۆم،
چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.
٤٦ لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم،
شەرمەزاریش نابم.
٤٧ خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم،
چونکە حەزم لێیانە.
٤٨ دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە،
ئەوەی خۆشم دەوێت،
سەرنج دەدەمە فەرزەکانت.
ז (زاین)
٤٩ پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت،
چونکە هیوات پێم داوە.
٥٠ لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە:
بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.
٥١ لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن،
بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە.
٥٢ ئەی یەزدان،
حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد،
دڵنەواییم هاتەوە.
٥٣ لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا،
ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە.
٥٤ فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم،
لە ماڵی ئاوارەییم.
٥٥ ئەی یەزدان،
بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و
گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم.
٥٦ ئەم نەریتە بۆ من بوو:
ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد.
ח (حێیت)
٥٧ ئەی یەزدان،
تۆ بەشی منی،
بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم.
٥٨ بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم،
بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە.
٥٩ لە ڕێگای خۆم ڕامام،
پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە.
٦٠ خێرا بووم و دوا نەکەوتم
لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت.
٦١ گوریسی بەدکاران منیان بەستووەتەوە،
بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.
٦٢ لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم
لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت.
٦٣ من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن،
لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن.
٦٤ ئەی یەزدان،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە،
فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
ט (تێیت)
٦٥ ئەی یەزدان،
چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد،
بەگوێرەی بەڵێنی خۆت.
٦٦ هەستی باش و زانینم فێر بکە،
چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە.
٦٧ بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم،
بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم.
٦٨ تۆ چاکیت و چاکەکاری،
فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
٦٩ لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن،
بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
٧٠ دڵیان وەک پیو بێ هەستە،
بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من.
٧١ چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم،
بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم.
٧٢ فێرکردنی دەمی تۆ
لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من.
י (یۆد)
٧٣ دەستی تۆ دروستی کردم و دایڕشتم،
تێمبگەیەنە تاکو فێری ڕاسپاردەکانت بم.
٧٤ ئەوانەی لێت دەترسن شادمان دەبن کاتێک دەمبینن،
چونکە من هیوام بە بەڵێنی تۆ هەیە.
٧٥ ئەی یەزدان،
زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە،
بە دڵسۆزی زەلیلت کردم.
٧٦ با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت،
بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت.
٧٧ با بەزەییت پێمدا بێتەوە بۆ ئەوەی بژیم،
چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من.
٧٨ با لووتبەرزان شەرمەزار بن،
چونکە بوختانیان بۆ هەڵبەستم،
بەڵام من سەرنج دەدەمە ڕێنماییەکانت.
٧٩ با ئەوانەی لێت دەترسن بگەڕێنەوە لای من،
ئەوانەی لە یاساکانی تۆ تێدەگەن.
٨٠ با دڵم تەواو بێت لە فەرزەکانت،
بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبم.
כ (کاف)
٨١ گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە،
ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە.
٨٢ چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت،
دەپرسم:
«کەی دڵنەواییم دەکەیت؟»
٨٣ هەرچەندە وەک مەشکەیەکم لێهاتووە کەوا دووکەڵ دایپۆشیوە،
فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە.
٨٤ خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟
کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟
٨٥ لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە،
ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە!
٨٦ هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن،
فریام بکەوە،
چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە!
٨٧ خەریک بوو لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن،
بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم.
٨٨ بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە،
یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم.
ל (لامد)
٨٩ ئەی یەزدان،
فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە،
لە ئاسمان چەسپاوە.
٩٠ دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە،
زەویت دامەزراند و دەمێنێت.
٩١ ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون،
چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن.
٩٢ ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو،
بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم.
٩٣ هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم،
چونکە بەوان منت ژیاندەوە.
٩٤ من هی تۆم،
ڕزگارم بکە،
چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.
٩٥ بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە تاکو بمفەوتێنن،
بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم.
٩٦ بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی،
بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە.
מ (میم)
٩٧ چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە!
بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە.
٩٨ بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم،
چونکە هەتاهەتایە بۆ منە.
٩٩ لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم،
چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە.
١٠٠ لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم،
چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
١٠١ پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ،
بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم.
١٠٢ لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە،
چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم.
١٠٣ بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم،
لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم.
١٠٤ لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا،
بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
נ (نون)
١٠٥ وشەکانی تۆ چرایە بۆ پێیەکانم،
ڕووناکییە بۆ ڕێگام.
١٠٦ سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم،
کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
١٠٧ ئەی یەزدان،
زۆر ئازارم چێژتووە،
جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
١٠٨ ئەی یەزدان،
بەو ستایشە ڕازی بە کەوا هەردەم لەسەر لێوانمە.
حوکمەکانی خۆتم فێر بکە.
١٠٩ هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە،
بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم.
١١٠ بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،
بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم.
١١١ یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من،
چونکە ئەوان شادی دڵمن.
١١٢ دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم،
هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.
ס (سامخ)
١١٣ ڕقم لە کەسانی دوودڵە،
حەزم لە فێرکردنی تۆیە.
١١٤ تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت،
هیوام بە بەڵێنی تۆیە.
١١٥ ئەی بەدکارەکان،
لێم دوور بکەونەوە،
تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم.
١١٦ بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم،
لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە.
١١٧ پشتم بگرە و ڕزگاردەبم،
هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت.
١١٨ هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە،
چونکە فێڵەکەیان پووچە.
١١٩ هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە،
بۆیە حەزم لە یاساکانتە.
١٢٠ لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و
لە حوکمەکانت دەترسم.
ע (عەین)
١٢١ دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە،
ڕادەستی زۆردارم مەکە.
١٢٢ بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت،
با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن.
١٢٣ چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت،
بۆ بەجێهێنانی بەڵێنە ڕاستودروستەکەت.
١٢٤ بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە،
فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
١٢٥ من خزمەتکاری تۆم،
تێمبگەیەنە،
بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم.
١٢٦ ئەی یەزدان،
کاتی کارکردنی تۆیە،
چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە.
١٢٧ لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم
زیاتر لە زێڕ،
لە زێڕی پوختەکراو،
١٢٨ هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم،
ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
פ (پێ)
١٢٩ یاساکانت سەرسوڕهێنەرە،
بۆیە گیانم پەیڕەویان دەکات.
١٣٠ ڕوونکردنەوەی فەرمایشتەکانت ڕووناکی دەبەخشێت،
تێگەیشتنیش بە نەزانەکان.
١٣١ دەمم کردەوە و هەناسەبڕکێمە،
چونکە پەرۆشی ڕاسپاردەکانی تۆم.
١٣٢ ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
وەک نەریتی خۆت بۆ ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت.
١٣٣ هەنگاوەکانم لەسەر وتەکەت بچەسپێنە،
مەهێڵە هیچ گوناهێک بەسەرمدا زاڵ بێت.
١٣٤ لە زۆرداری مرۆڤ بمکڕەوە،
بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی تۆ پەیڕەو بکەم.
١٣٥ ڕووت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێنەوە،
فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
١٣٦ جۆگەی ئاو لە چاوەکانم دادەڕژێت،
چونکە فێرکردنت پەیڕەو ناکرێت.
צ (تسادێ)
١٣٧ ئەی یەزدان،
تۆ ڕاستودروستیت،
حوکمەکانت ڕاستن.
١٣٨ ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و
بە تەواوی جێی متمانەن.
١٣٩ دڵگەرمیم سووتاندمی،
چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە.
١٤٠ بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە،
خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی.
١٤١ من بچووک و ڕیسوام،
بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم.
١٤٢ ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و
فێرکردنت ڕاستە.
١٤٣ تەنگانە و ناخۆشیم تووش بووە،
بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.
١٤٤ یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن،
تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم.
ק (قۆف)
١٤٥ پڕ بە دڵ هاوار دەکەم،
ئەی یەزدان،
وەڵامم بدەوە،
فەرزەکانت بەجێدەهێنم.
١٤٦ هاوار بۆ تۆ دەکەم،
ڕزگارم بکە!
یاساکانت پەیڕەو دەکەم.
١٤٧ پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم،
ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە.
١٤٨ بە درێژایی شەو بەئاگام،
بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە.
١٤٩ بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە،
ئەی یەزدان،
بەگوێرەی حوکمەکانت* بمژیێنەوە.
١٥٠ پیلانگێڕان نزیک بوونەوە،
لە فێرکردنی تۆ دوور کەوتوونەتەوە.
١٥١ بەڵام ئەی یەزدان،
تۆ زۆر نزیکیت،
هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن.
١٥٢ لەمێژە لە یاساکانت دەزانم،
کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە.
ר (ڕێیش)
١٥٣ سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە،
چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.
١٥٤ پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە،
بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە.
١٥٥ ڕزگاری لە بەدکاران دوورە،
چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن.
١٥٦ ئەی یەزدان،
بەزەییت زۆرە،
بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە.
١٥٧ دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن،
بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە.
١٥٨ ناپاکەکانم بینی بێزم هاتەوە،
چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون.
١٥٩ ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە،
ئەی یەزدان،
بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە.
١٦٠ هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە،
هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین.
ש (شین)
١٦١ میرەکان بەبێ هۆ دەمچەوسێننەوە،
بەڵام دڵم لە فەرمایشتی تۆ دەتۆقێت.
١٦٢ بە بەڵێنەکانت دڵشاد دەبم،
وەک یەکێک دەستکەوتێکی زۆری چنگکەوتبێت.
١٦٣ ڕقم لە درۆیە و قێزم لێی دەبێتەوە،
بەڵام حەزم لە فێرکردنی تۆیە.
١٦٤ ڕۆژانە حەوت جار ستایشت دەکەم،
بۆ حوکمە ڕاستودروستەکانت.
١٦٥ ئاشتیێکی گەورە بۆ ئەوانەی حەز لە فێرکردنت دەکەن،
هیچ شتێک بۆیان نابێتە کۆسپ.
١٦٦ ئەی یەزدان،
هیوام بە ڕزگاریی تۆیە،
ڕاسپاردەکانی تۆ پەیڕەو دەکەم.
١٦٧ گیانم یاساکانت پەیڕەو دەکات،
چونکە زۆر حەزم لێیەتی.
١٦٨ ڕێنمایی و یاساکانی تۆ پەیڕەو دەکەم،
چونکە هەموو ڕێگاکانم لەبەردەمتن.
ת (تاو)
١٦٩ ئەی یەزدان،
با هاوارم بگاتە بەردەمت،
بەگوێرەی پەیمانی خۆت تێمبگەیەنە.
١٧٠ با پاڕانەوەم بێتە بەردەمت،
بەگوێرەی بەڵێنەکەت دەربازم بکە.
١٧١ با لێوم ستایشی لێ بڕژێت،
چونکە فێری فەرزەکانی خۆتم دەکەیت.
١٧٢ با زمانم گۆرانی بەسەر وتەکەتدا بڵێ،
چونکە هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستودروستن.
١٧٣ با دەستت ئامادەبێت بۆ یارمەتیم،
چونکە ڕێنماییەکانی تۆم هەڵبژاردووە.
١٧٤ ئەی یەزدان،
من بە پەرۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ،
فێرکردنت شادی منە.
١٧٥ با گیانم بژیێتەوە بۆ ئەوەی ستایشت بکەم،
حوکمەکانت یارمەتیم بدات.
١٧٦ وەک بەرخی وێڵ گومڕا بووم،
بەدوای خزمەتکارەکەتدا بگەڕێ،
چونکە ڕاسپاردەکانی تۆم لەبیر نەکردووە.