گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف.
١ ئەی خودایە،
بێدەنگ مەبە،
کپ مەبە،
خودایە،
هێدی مەبە.
٢ ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە،
ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
٣ ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت،
پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
٤ دەڵێن:
«با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە،
لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»
 
٥ بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن،
لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە.
٦ خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان*،
مۆئاب و هاجەرییەکان،
٧ جوبەیل* و عەمۆن و عەمالێق*،
فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور.
٨ هەروەها ئاشوریش* چووەتە پاڵیان،
بوونە بازووی بەهێزی نەوەی لوت*.*
 
٩ هەروەک چیت لە میدیان* کرد ئاوایان لێ بکە،
هەروەک چیت لە سیسرا* و یاڤین* کرد لە ڕووباری قیشۆن*،
١٠ کە لە کانی دۆر* فەوتان،
بوون بە زبڵ بۆ زەوی.
١١ گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ* لێ بکە،
هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و زەلموناع*،
١٢ ئەوانەی گوتیان:
«لەوەڕگاکانی خودا
دەکەینە موڵکی خۆمان.»
 
١٣ ئەی خودای من،
بیانکە بە تەپوتۆز،
وەک کای دەم بایان لێ بکە.
١٤ وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت،
وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،
١٥ ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ،
بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.
١٦ ئەی یەزدان،
ڕوویان بە شەرمەزاریی داپۆشە،
تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.
 
١٧ هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانن،
ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
١٨ با بزانن کە تۆ،
ئەوەی ناوت یەزدانە،
لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!