زەبوورێکی ئاساف.
١ خودا لە کۆڕی خوداوەندەکان ڕاوەستاوە،
لەنێو خوداوەندەکان* دادوەری دەکات.
 
٢ «هەتا کەی بە ناڕەوایی دادوەری دەکەن،
لایەنگری بەدکاران دەکەن؟*
٣ بەرگری لە لاواز و هەتیوان بکەن،
دادی هەژار و کڵۆڵان بدەن.
٤ فریای لاواز و نەداران بکەون،
لە دەست بەدکاران دەربازیان بکەن.
 
٥ «نازانن و تێناگەن،
لە تاریکیدا دەڕۆن،
هەموو بنچینەکانی زەوی دەشڵەژێن.
 
٦ «من گوتم:
”ئێوە ’خوداوەندەکان‘ن،
هەمووتان کوڕی خودای هەرەبەرزن.“
٧ بەڵام وەک ئادەمیزاد دەمرن،
وەک یەکێک لە میرەکان دەکەون.»
 
٨ خودایە،
هەستە!
دادوەری زەوی بکە،
چونکە هەموو نەتەوەکان میراتی تۆن.