بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودە.
١ ئەی خودایە،
گوێ لە دەنگی سکاڵام بگرە،
ژیانم لە مەترسی دوژمنانم بپارێزە.
 
٢ لە پیلانی بەدکاران بمشارەوە،
لە کۆمەڵی خراپەکاران.
٣ کە زمانی خۆیان وەک شمشێر تیژ کردووە،
قسە تاڵەکانیان وەک تیری هاوێژراوە.
٤ لە بۆسەکانیانەوە تیر لە کەسی بێ کەموکوڕی دەگرن،
لەناکاو تێی دەگرن و ناترسن.
 
٥ بۆ کاری خراپە یەکتری هاندەدەن،
دەربارەی شاردنەوەی داوەکانیان دەدوێن،
دەڵێن:
«کێ دەمانبینێ؟»
٦ تەگبیر بۆ تاوان دەکەن،
دەڵێن:
«پیلانێکی تەواومان داڕشت!»
بێگومان دڵ و دەروونی مرۆڤ قووڵە.
 
٧ بەڵام خودا تیریان تێدەگرێت،
لەناکاو برینداریان دەکات.
٨ زمان درێژییان دەبێتە هۆی کەوتنیان،
هەرکەسێک کە دەیانبینێت سەری بادەدات.
٩ هەموو ئادەمیزاد دەترسن،
کاری خودا ڕادەگەیەنن و
بیردەکەنەوە لەوەی کە کردی.
 
١٠ با ڕاستودروستان بە یەزدان دڵخۆش بن و
پەنا ببەنە بەر ئەو،
با هەموو دڵڕاستان ستایشی بکەن!