زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو.
١ ئەی خودایە،
تۆ خودای منی،
بە پەرۆشم بۆت،
گیانم تینووی تۆیە،
جەستەم شەیدای تۆیە،
لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.
 
٢ لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و
هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.
٣ لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە،
لێوەکانم ستایشت دەکەن.
٤ بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم،
بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.
٥ گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ* و چەوری،
بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.
 
٦ لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم،
بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە،
٧ چونکە تۆ هاریکارم بوویت،
لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.
٨ گیانم بە تۆوە بەندە،
دەستی ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.
 
٩ بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن،
بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە.
١٠ ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و
دەبن بە خۆراکی چەقەڵ.
 
١١ بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت،
هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن،
چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت.