بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
١ ئەی هەموو نەتەوەکان،
چەپڵە لێبدەن،
بە هاواری شادییەوە هوتاف بۆ خودا بکێشن.
 
٢ یەزدانی هەرەبەرز بە سامە،
پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو زەوییەوە.
٣ نەتەوەکانی خستە ژێر دەستمان،
گەلانی خستە ژێر پێمان.
٤ میراتی بۆ هەڵبژاردین،
ئەو خاکە کە شانازی نەوەی یاقوبە،
ئەوانەی کە ئەو خۆشیویستن.*
 
٥ لەناو هوتافی شادی خودا بەرزبووەوە*،
یەزدان بەرزبووەوە،
لەگەڵ دەنگی کەڕەنا.
٦ گۆرانی ستایش بۆ خودا بڵێن،
گۆرانی ستایش،
گۆرانی ستایش بۆ پاشامان بڵێن،
گۆرانی ستایش.
٧ خودا پاشای هەموو زەوییە،
هۆنراوەی ستایشی بە گۆرانی بۆ بڵێن.
 
٨ خودا پاشایەتی نەتەوەکان دەکات،
خودا لەسەر تەختی پیرۆزی خۆی دادەنیشێت.
٩ سەروەرانی گەلان وەک گەلی خودای ئیبراهیم کۆبوونەوە،
چونکە پاشاکانی* زەوی هی خودان،
ئەو پایەی زۆر بەرزبووەوە.