بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەکی کوڕانی قۆرەح لەسەر ئاوازی عەلامۆت*.
١ خودا پەناگا و هێزمانە،
لە تەنگانەدا زۆر بەهاناوە دێت.
٢ بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت،
ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە،
٣ ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات،
چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن.*
 
٤ ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا* شاد دەکات،
ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە.
٥ خودا لە ناوەڕاستدایە،
بۆیە هەرگیز ناکەوێت،
لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت.
٦ نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون،
خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە.
 
٧ یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
خودای یاقوب پەناگامانە.
 
٨ وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن،
ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە.
٩ جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان،
کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات،
گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت.
١٠ «هێوربنەوە،
بزانن کە من خودام،
لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە،
لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.»*
 
١١ یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
خودای یاقوب پەناگامانە.