پاڕانەوەیەکی داود.
١ ئەی خودایە،
بمپارێزە،
چونکە من پەنا دەهێنمە بەر تۆ.
 
٢ بە یەزدانم گوت:
«تۆ گەورەی منی،
بێجگە لە تۆ هیچ شتێکی چاکم نییە.»
٣ هەموو خۆشییەکم بە گەلە پیرۆزەکەیە کە لەناو خاکەکەن،
ئەوانە شکۆدارن.
٤ ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون،
دەردیان زۆر دەبێت.
خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و
ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.
 
٥ ئەی یەزدان،
تۆ بەشە میرات و چارەنووسی منی،
تۆ پشکی من دەستەبەر دەکەیت.
٦ گوریس* کەوتە سەر چاکترین خاک بۆ بەشی من،
بە ڕاستی میراتێکی دڵخۆشکەرم هەیە.
٧ ستایشی یەزدان دەکەم کە ئامۆژگاریم دەکات،
تەنانەت بە شەویش دڵم ڕێنماییم دەکات.
٨ هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە،
لەبەر ئەوەی لەلای دەستی ڕاستمەوەیە،
ناهەژێم.
 
٩ بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە،
١٠ چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت،
هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ* لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
١١ ڕێگای ژیانت پێ ناساندم،
تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە،
خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستەڕاستی تۆدایە.