قسەی چوارەمی ئەیوب
١ ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
٢ «ڕاستە ئێوە گەلێکن،
بە مردنتان داناییش دەمرێت،
٣ بەڵام منیش وەک ئێوە تێگەیشتنم هەیە،
من لە ئێوە کەمتر نیم.
ئایا ئەوەی تۆ دەیڵێیت لای هەموو کەسێک نەزانراوە؟
 
٤ «لە خودا پاڕامەوە و ئەویش وەڵامی دایەوە،
بەڵام بووم بە گاڵتەجاڕی هاوڕێیەکانم،
هەرچەندە پیاوێکی ڕاستودروست و بێ کەموکوڕیم،
بوومە مایەی گاڵتەجاڕی!
٥ کەسێکی دڵنیا
گاڵتە بە شکستی پێ هەڵخلیسکاو دەکات.
٦ چادری تێکدەران ئارامە و
ئاسوودەییش بۆ ئەوانەی خودا تووڕە دەکەن،
بۆ ئەوانەی بە دەستی خۆیان بتەکانیان دەهێنن.
 
٧ «بەڵام پرسیار لە ئاژەڵان بکە،
ئەوان فێرت دەکەن،
هەروەها پرسیار لە باڵندەی ئاسمانیش بکە،
ئەوان پێت ڕادەگەیەنن؛
٨ یان لەگەڵ زەوی بدوێ،
فێرت دەکات،
ماسی دەریاش بۆت باس دەکەن.
٩ کام لەمانە نازانێت کە
دەستی خودا ئەمەی ئەنجام داوە؟
١٠ ئەوەی ژیانی هەموو زیندووێک و
ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی لەناو دەستدایە؟
١١ ئایا گوێ قسەکان تاقی ناکاتەوە و
مەڵاشوو تامی خواردن ناکات؟
١٢ لە ڕیش سپیێتی دانایی و
لە تەمەن درێژیش تێگەیشتن.
 
١٣ «دانایی و تواناداری لەلای خوداوەیە،
ڕاوێژ و تێگەیشتن هی ئەون.
١٤ ئەوەی دەڕووخێنێت بنیاد نانرێتەوە،
ئەگەر دەرگای لەسەر کەسێک داخست لێی ناکرێتەوە.
١٥ ڕێ لە ئاو دەگرێت،
وشکەساڵی دێت،
بەڕەڵای دەکات زەوی سەرەوژێر دەکات.
١٦ هێز و دانایی لەلای ئەوە،
چەواشەکار و چەواشەکراو هی ئەون.
١٧ ڕاوێژکاران بە پێ خاوسی دەبات،
دادوەران تووشی شێتی دەکات.
١٨ کۆتی پاشاکان دەکاتەوە و
ناوقەدیان بە پشتێن دەبەستێتەوە.
١٩ کاهینەکان بە پێ خاوسی دەبات و
پتەوەکان سەرەوژێر دەکات.
٢٠ ڕێگری گفتوگۆ لە شارەزایان دەکات،
ژیری لە پیران دەستێنێتەوە.
٢١ سووکایەتی بەسەر پایەداراندا دەبارێنێت و
پشتێنی بەهێزان شل دەکاتەوە.
٢٢ قووڵاییەکان لە تاریکی ئاشکرا دەکات و
سێبەری مەرگ بۆ ڕووناکی دەردەخات.
٢٣ نەتەوەکان مەزن دەکات و لەناویان دەبات،
نەتەوەکان بەرفراوان دەکات و پەرتەوازەیان دەکات.
٢٤ مێشک لە سەرکردەکانی گەلی زەوی دەستێنێتەوە و
لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا وێڵیان دەکات.
٢٥ لە تاریکیدا بە پەلەکوتێ دەڕۆن و ڕووناکی نییە،
وەک سەرخۆش بە ئەملا و ئەولادا دەکەون.