وەڵامی یەکەمی چۆفەر
١ چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:
٢ «ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین،
یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆپاک دەبێت؟
٣ ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات،
یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟
٤ بە خودا دەڵێیت ”باوەڕم بێگەردە و
من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،“
٥ بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و
لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و
٦ نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد،
چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە،
جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت.
 
٧ «ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟
ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بەتوانا؟
٨ ئەو لە ئاسمان بەرزترە،
ئیتر تۆ چی دەکەیت،
لە جیهانی مردووان قووڵترە،
ئیتر تۆ چی دەزانیت؟
٩ پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و
لە دەریاش پانترە.
 
١٠ «ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و
تۆی بردە دادگا،
کێ ڕێی لێ دەگرێت؟
١١ بێگومان ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و
خراپەکاری دەبینێت،
وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟
١٢ بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو
هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت.
 
١٣ «ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و
دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە،
١٤ ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و
نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت،
١٥ ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و
چەسپاو دەبیت و ناترسیت.
١٦ چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و
وەک ئاوێکی تێپەڕیو یادی دەکەیتەوە.
١٧ ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و
تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت.
١٨ دڵنیا دەبیت،
چونکە ئومێدت هەیە،
دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت.
١٩ خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و
زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.
٢٠ بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و
پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛
ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.»