دژایەتییەکانی بنیادنانەوە
١ کاتێک سەنڤەلەت بیستییەوە کە ئێمە شووراکە بنیاد دەنێینەوە،
ڕقی هەستا و زۆر تووڕە بوو،
گاڵتەی بە جولەکەکان کرد.
٢ لەبەردەم یاوەرەکانی و سوپای سامیرە قسەی کرد و گوتی:
«ئەو جولەکە لاوازانە چی دەکەن؟
ئایا شووراکەیان چاک دەکەنەوە؟
ئایا قوربانی سەردەبڕن؟
ئایا بە ڕۆژێک تەواو دەبن؟
ئایا بەردەکان کە لەناو گردە خۆڵەکان سووتێنراون،
دەیانژیێننەوە؟»
٣ تۆڤییای عەمۆنیش لەلایەوە بوو و گوتی:
«ئەوەی ئەوان بنیادی دەنێنەوە،
ئەگەر ڕێوییەک سەربکەوێتە سەری دیوارە بەردەکەیان دەڕووخێنێت!»
 
٤ «ئەی خودای ئێمە،
گوێت لێ بێت،
چونکە ئێمە سووکایەتیمان پێکرا.
توانجەکانیان بەسەر خۆیاندا بگەڕێنەوە و با لە خاکی دیلیێتیدا تاڵان بکرێن.
٥ تاوانەکانیان دامەپۆشە و گوناهەکانیان لەبەردەمتدا مەسڕەوە،
چونکە ئەوان سووکایەتییان بە بیناسازەکان کردووە.»
 
٦ جا شووراکەمان بنیاد ناوە و هەموو شووراکە هەتا نیوەی بە یەک گەیشت.
گەلیش دڵیان لەسەر کارەکە بوو.
٧ ئەوە بوو کاتێک سەنڤەلەت و تۆڤییا و عەرەب و عەمۆنی و ئەشدۆدییەکان بیستیانەوە کە چاککردنەوەی شووراکانی ئۆرشەلیم بەرەو پێش دەچوو،
خەریک بوو بۆشاییەکان پڕ دەکرانەوە،
زۆر ڕقیان هەستا.
٨ جا هەموو پێکەوە پیلانیان گێڕا هەتا بێن و لە دژی ئۆرشەلیم بجەنگن و کێشەی بۆ بنێنەوە.
٩ ئێمەش نزامان بۆ خودامان کرد،
شەو و ڕۆژ پاسەوانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوان ڕاگرت.
١٠ لەو کاتەدا خەڵکی یەهودا گوتیان:
«کرێکارەکان توانایان لەبەر بڕاوە،
خۆڵەکەش زۆرە و ئێمەش ناتوانین شووراکە بنیاد بنێینەوە!»
١١ ناحەزەکانیشمان گوتیان:
«پێش ئەوەی بزانن و ببینن،
دەچینە ناویان و دەیانکوژین،
کارەکە ڕادەگرین.»
١٢ ئینجا ئەو جولەکانەی لە نزیکیانەوە نیشتەجێ بوون،
دەیان جار هاتن و پێیان گوتین:
«لە هەموو لایەکەوە دێن و هێرشمان دەکەنە سەر.»
١٣ ئیتر هەندێک لە گەلەکەم لە خوار شوێنەکەوە،
لە پشت شووراکە،
لە شوێنە بەرچاوەکان ڕاگرت،
بەگوێرەی خێڵەکانیان بە شمشێر و ڕم و تیروکەوانەکانیانەوە گەلم ڕاگرت.
١٤ دوای ئەوەی کە سەیری بارودۆخەکەم کرد،
هەستام و بە خانەدان و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت:
«لێیان مەترسن،
بەڵکو پەروەردگاری گەورە و سامناکم بهێننەوە بیرتان،
لە پێناوی برا و کوڕ و کچ و ژن و ماڵەکانتان بجەنگن.»
١٥ دوای ئەوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە ئێمە زانیومانە و خودا پیلانەکەیانی پووچ کردووەتەوە،
هەموو گەڕاینەوە بۆ شووراکە،
هەریەکە بۆ سەر کارەکەی خۆی.
١٦ لەو ڕۆژەوە نیوەی خزمەتکارەکانم کارەکەیان دەکرد و نیوەشیان ڕم و قەڵغان و تیروکەوانیان هەڵگرتبوو و زرێیان پۆشیبوو،
ئەفسەرەکانیش پشتگیری هەموو بنەماڵەی یەهودایان دەکرد.
١٧ بیناسازەکان لەسەر شووراکە بوون و ئەوانەی کە کەرەستەیان دەگواستەوە،
بە دەستێک کارەکەیان دەکرد و بە دەستەکەی دیکەش چەکیان هەڵدەگرت.
١٨ بیناسازەکانیش هەریەکە شمشێرەکەی بە ناوقەدیەوە بەستبوو و بنیادی دەنا،
ئەوەش فووی بە کەڕەنادا دەکرد لەتەنیشتم بوو.
١٩ ئینجا بە خانەدان و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت:
«ئیشەکە زۆرە و بەربڵاوە،
ئێمەش پەرتین لەسەر شووراکە لە یەکتر دوورین.
٢٠ لەبەر ئەوە لەو شوێنەی گوێتان لە دەنگی کەڕەناکە بوو،
بگەنە لامان بۆ ئەوێ،
خودامان بۆمان دەجەنگێت!»
٢١ ئیتر ئێمە کارەکەمان دەکرد و نیوەیان لە بەرەبەیانەوە هەتا دەرکەوتنی ئەستێرەکان ڕمەکانیان لەدەست دەگرت.
٢٢ هەروەها لەو کاتەدا بە هەموو گەلم گوت:
«با هەریەکە لەگەڵ خزمەتکارەکەی لە ناوەڕاستی ئۆرشەلیم بمێنێتەوە،
بۆ ئەوەی بە شەو پاسەوانمان بن و بە ڕۆژیش کار بکەن.»
٢٣ جا نە من و نە براکانم و نە خزمەتکارەکانم و نە پاسەوانەکانی دوای من،
جلەکانمان دانەکەند،
بەڵکو هەرکەسێک بە چەکەکەیەوە بۆ ئاوکێشان دەچوو.