شەمشون تۆڵە لە فەلەستییەکان دەکاتەوە
١ ئینجا پاش ماوەیەک لە کاتی دروێنەی گەنمدا شەمشون ژنەکەی بە کارەبزنێک بەسەرکردەوە و گوتی:
«دەچمە ژوورەوە بۆ لای ژنەکەم لە ژوورەکەی خۆی.»
بەڵام باوکی ژنەکەی نەیهێشت بچێتە ژوورەوە.
٢ باوکی گوتی:
«لە ڕاستیدا من وا بیرم کردەوە کە تۆ ڕقت لێی بووەتەوە،
بۆیە دام بە هاوڕێکەت.
ئایا خوشکە بچووکەکەی لەو جوانتر نییە؟
با لە جیاتی ئەو بۆ تۆ بێت.»
٣ شەمشونیش پێی گوتن:
«ئێستا من بێتاوانم ئەگەر خراپە بەسەر فەلەستییەکان بهێنم.»
٤ ئینجا شەمشون چووە ڕاو و سێ سەد ڕێوی ڕاوکرد،
کلکی هەردوو ڕێوی پێکەوە بەستەوە و مەشخەڵێکی لە ناوەڕاستی هەردوو کلکەکان دانا.
٥ ئینجا ئاگری لە مەشخەڵەکان بەردا و ڕێویەکانی بەڕەڵا کردە ناو کێڵگەکانی فەلەستییەکانەوە،
جا ئەوەی کۆکرابووەوە و ئەوەی چێنرابوو تەنانەت ڕەزەمێوەکان و ڕەزە زەیتوونەکانیشی سووتاند.
٦ فەلەستییەکانیش گوتیان:
«کێ ئەمەی کرد؟»
وەڵامیان دایەوە:
«شەمشونی زاوای تیمنی،
چونکە ژنەکەی لێسەندەوە و دایە هاوڕێکەی.»
ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و ژنەکە و باوکیان سووتاند.
٧ شەمشونیش پێی گوتن:
«لەبەر ئەوەی ئەم کارەتان کرد،
وازتان لێ ناهێنم هەتا تۆڵەتان لێ نەکەمەوە.»
٨ ئینجا بە توندی لێیدان و زۆر کەسی لێیان کوشت،
پاشان بەرەو خوار چوو و لەناو ئەشکەوتێک لە تاشەبەردی عێتام نیشتەجێ بوو.
٩ ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و لە یەهودا چادریان هەڵدا و لە لەحی بڵاو بوونەوە.
١٠ جا پیاوانی یەهودا گوتیان:
«بۆچی هاتوونەتە سەرمان؟»
ئەوانیش گوتیان:
«بۆ ئەوەی شەمشون ببەستینەوە و ئەوەی پێ بکەین کە پێی کردین.»
١١ ئینجا سێ هەزار پیاو لە یەهودا بەرەو خوار چوون بۆ ئەشکەوتەکە لە تاشەبەردی عێتام و بە شەمشونیان گوت:
«ئایا نازانیت فەلەستییەکان بەسەرماندا زاڵن؟
تۆ چیت پێکردین؟»
ئەویش پێی گوتن:
«چییان پێکردم،
ئەوەم پێکردوون.»
١٢ ئینجا پێیان گوت:
«هاتووینە خوارەوە بۆ ئەوەی بتبەستینەوە و بتدەینە دەست فەلەستییەکان.»
شەمشونیش پێی گوتن:
«سوێندم بۆ بخۆن کە ئێوە نامکوژن.»
١٣ ئەوانیش گوتیان:
«نەخێر ناتکوژین،
بەڵام دەتبەستینەوە و دەتدەینە دەستیان.»
ئینجا بە دوو گوریسی نوێ بەستیانەوە و لە تاشەبەردەکەوە سەریان خست.
١٤ کاتێک هات بۆ لەحی،
فەلەستییەکان بە هاوارەوە بەرەو ڕووی چوون.
ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و ئەو دوو گوریسەی بە بازوویەوە بوو وەک کەتانی سووتێنراویان لێهات و دەستی ئازاد بوو.
١٥ ئینجا شەمشون شەویلاکێکی کەری دۆزییەوە کە هێشتا وشک نەببووەوە،
هەڵیگرت و هەزار پیاوی بەوە کوشت.
١٦ ئینجا شەمشون گوتی:
«بە شەویلاکی کەرێک
ئێوەم کردە کەرگەل،
بە شەویلاکی کەرێک
هەزار پیاوم کوشت.»
١٧ کە لە قسەکردن بووەوە شەویلاکەکەی دەستی فڕێدا و ئەو شوێنەی بە ڕامەت لەحی* ناو برد.
١٨ پاشان زۆر تینووی بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی:
«تۆ ئەم ڕزگارییە گەورەیەت دا بەدەست خزمەتکارەکەت و ئایا ئێستاش لە تینووێتیدا دەمرم و دەکەومە دەست خەتەنەنەکراوەکان؟»
١٩ ئینجا خودا چاڵەکەی لەحییەی کردە دوو کەرت و ئاوی لێ هاتە دەرەوە.
کاتێک شەمشون خواردیەوە ڕۆحی هاتەوە بەر و بووژایەوە،
بۆیە بە کانی هەقۆرێ* ناوبرا کە هەتا ئەمڕۆ لە لەحیدایە.
٢٠ جا شەمشون لە ڕۆژگاری فەلەستییەکاندا بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.