لەدایکبوونی شەمشون
١ دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری و یەزدانیش چل ساڵ ژێر دەستەی فەلەستییەکانی کردن.
٢ ئینجا پیاوێک لە چۆرعا هەبوو لە هۆزی دانییەکان ناوی مانۆوەح بوو،
ژنەکەی نەزۆک بوو منداڵی نەدەبوو.
٣ جا فریشتەی یەزدان بۆ ژنەکە دەرکەوت و پێی فەرموو:
«تۆ نەزۆکیت و منداڵت نەبووە،
بەڵام سکپڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت.
٤ ئێستاش وریابە شەراب و مەی مەخۆرەوە و شتی گڵاو مەخۆ.
٥ ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت،
گوێزان بەسەر سەریدا نایەت،
چونکە کوڕەکە هەر لە سکتەوە تەرخانکراو* دەبێت بۆ خودا،
ئەویش دەست دەکات بە ڕزگارکردنی ئیسرائیل لە دەستی فەلەستییەکان.»
٦ ئینجا ژنەکە چوو بۆ لای مێردەکەی و پێی گوت:
«پیاوێکی خودا هات بۆ لام و وەک فریشتەی خودا شێوەی زۆر سامناک بوو.
لێم نەپرسی کە لەکوێوە هاتووە،
ئەویش ناوی خۆی پێ نەگوتم.
٧ پێی گوتم:
”ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت،
ئێستاش شەراب و مەی مەخۆرەوە و شتی گڵاو مەخۆ،
چونکە کوڕەکە لەو کاتەوەی لە سکتە تەرخانکراو دەبێت بۆ خودا هەتا ڕۆژی مردنی.“»
٨ ئینجا مانۆوەح لە یەزدان پاڕایەوە و گوتی:
«ئەی پەروەردگار،
داوات لێ دەکەم ئەو پیاوەی خودا کە ناردت با دووبارە بێتەوە بۆ لامان و فێرمان بکات چی بۆ ئەو کوڕە بکەین کە لەدایک دەبێت.»
٩ خوداش گوێی لە دەنگی مانۆوەح گرت و فریشتەی خودا دووبارە هاتەوە بۆ لای ژنەکە کە لە کێڵگەدا دانیشتبوو و مانۆوەحی مێردی لەگەڵدا نەبوو.
١٠ ئیتر ژنەکە بە خێرایی ڕایکرد و بە مێردەکەی گوت:
«ئەو پیاوەی کە ئەو ڕۆژە هات بۆ لام،
لێرەیە!»
١١ مانۆوەحیش هەستا و بەدوای ژنەکەیدا ڕۆیشت و هات بۆ لای پیاوەکە،
پێی گوت:
«تۆ ئەو پیاوەی کە لەگەڵ ژنەکەم قسەت کرد؟»
ئەویش گوتی:
«من ئەوم.»
١٢ مانۆوەحیش گوتی:
«لە کاتی هاتنەدی وتەکەت،
ڕێنمایی و کردارەکانی چۆن دەبێت؟»
١٣ ئینجا فریشتەکەی یەزدان بە مانۆوەحی گوت:
«با ژنەکە هۆشیار بێت لە هەموو ئەو شتانەی پێم گوت،
١٤ ئەوەی لە دار مێو بێت با نەیخوات،
شەراب و مەی نەخواتەوە و هیچ شتێکی گڵاویش نەخوات.
با خۆی لە هەموو ئەو شتانە بپارێزێت کە ڕامسپاردووە.»
١٥ ئینجا مانۆوەح بە فریشتەکەی یەزدانی گوت:
«لێمانگەڕێ با بتحەوێنینەوە و کارەبزنێکت بۆ سەر ببڕین.»
١٦ فریشتەکەی یەزدانیش بە مانۆوەحی گوت:
«ئەگەر بشمحەوێننەوە لە نانەکەت ناخۆم،
ئەگەر قوربانی سووتاندنیشت کرد پێشکەشی یەزدانی بکە.»
مانۆوەح نەیزانی ئەوە فریشتەی یەزدانە.
١٧ مانۆوەحیش بە فریشتەکەی یەزدانی گوت:
«ناوت چییە،
بۆ ئەوەی کاتێک وتەکەت هاتە دی ڕێزت لێ بنێین؟»
١٨ فریشتەکەی یەزدانیش پێی گوت:
«بۆچی لە ناوم دەپرسیت؟
ئەو لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە؟»
١٩ ئینجا مانۆوەح کارەبزنەکە و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکەی برد و سەری خستنە سەر تاتەبەردێک و کردنی بە قوربانی بۆ یەزدان،
یەزدانیش کارێکی سەرسوڕهێنەری ئەنجام دا و مانۆوەح و ژنەکەشی تەماشایان دەکرد.
٢٠ ئەوە بوو:
لە کاتی بەرزبوونەوەی گڕی ئاگر لە قوربانگاکەوە بۆ ئاسمان،
فریشتەکەی یەزدان لەناو گڕی قوربانگاکەدا سەرکەوت.
کە مانۆوەح و ژنەکەی ئەمەیان بینی هەردووکیان بە ڕوودا کەوتن بە زەویدا.
٢١ لەدوای ئەمە فریشتەکەی یەزدان لەبەرچاوی مانۆوەح و ژنەکەی دیار نەما،
ئەوسا مانۆوەح زانی ئەوە فریشتەی یەزدان بوو.
٢٢ ئیتر مانۆوەح بە ژنەکەی گوت:
«بێگومان دەمرین،
چونکە خودامان بینی!»
٢٣ ژنەکەشی وەڵامی دایەوە:
«ئەگەر یەزدان بیویستایە بمانمرێنێت قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵەیی لە دەستمان وەرنەدەگرت،
هەموو ئەم شتانەی نیشان نەدەداین و لەم کاتەدا هەموو ئەم شتانەی پێ نەدەگوتین.»
٢٤ ئینجا ژنەکە کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شەمشون.
کوڕەکە گەورە بوو و یەزدان بەرەکەتداری کرد،
٢٥ ڕۆحی یەزدانیش دەستی کرد بە جوڵاندنی شەمشون کاتێک لە مەحەنێی دان بوو کە دەکەوێتە نێوان چۆرعا و ئەشتائۆل.