فریشتەی یەزدان لە بۆخیم
١ ئینجا فریشتەی یەزدان لە گلگالەوە چوو بۆ بۆخیم و فەرمووی:
«لە میسرەوە دەرمهێنان و ئێوەم هێنا بۆ ئەو خاکەی سوێندم بۆ باوباپیرانتان خوارد و فەرمووم:
”هەرگیز پەیمانی خۆم لەگەڵتان ناشکێنم.
٢ ئێوەش لەگەڵ خەڵکی ئەم خاکە پەیمان مەبەستن و قوربانگاکانیان بڕووخێنن.“
بەڵام گوێڕایەڵی فەرمانم نەبوون،
ئایا بۆچی ئەمەتان کرد؟
٣ لەبەر ئەوە ئێستا پێتان دەڵێم:
لەبەردەمتان دەریانناکەم،
بەڵکو دەبن بە دڕک لە کەلەکەتان و خوداوەندەکانیان دەبن بە تەڵە و داو بۆتان.»
٤ کاتێک فریشتەی یەزدان ئەم قسانەی بە هەموو نەوەی ئیسرائیل فەرموو،
گەل بە دەنگی بەرز گریان.
٥ بۆیە ئەو شوێنەیان ناو نا بۆخیم* و لەوێ قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی.
یاخیبوون و بەزین
٦ دوای ئەوەی کە یەشوع گەلەکەی ڕەوانە کردبوو،
نەوەی ئیسرائیل هەریەکەیان چوونە لای میراتەکەی خۆیان بۆ ئەوەی دەست بەسەر زەوییەکەدا بگرن.
٧ گەلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست،
هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و هەموو ئەو کارانەیان بینی کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا.
٨ یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدانیش لە تەمەنی سەد و دە ساڵیدا مرد.
٩ لە سنووری میراتەکەی لە تیمنەت حەرەس* لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان.
١٠ هەموو ئەو نەوەیەش چوونە پاڵ باوکانیان،
نەوەیەکی دیکە لەدوای ئەوان هاتن نە یەزدانیان دەناسی و نە ئەو کارانەیان دەناسی کە بۆ ئیسرائیلی کردبوو.
١١ ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و بەعلەکانیان پەرست*.
١٢ وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا،
ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان و دوای خوداوەندە جۆراوجۆرەکانی گەلانی دەوروبەریان کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن،
١٣ چونکە وازیان لێ هێنا و بەعل و عەشتۆرەتەکانیان پەرست.
١٤ تووڕەیی یەزدان لە نەوەی ئیسرائیل هاتە جۆش،
بۆیە ئەوانی دایە دەست تاڵانکەران تاڵانیان بکەن و ڕادەستی دوژمنەکانی دەوروبەریانی کردن،
ئیتر نەیانتوانی بەرامبەر بە دوژمنەکانیان بوەستن.
١٥ بۆ هەر جەنگێک دەچوون یەزدان دژایەتی دەکردن بۆ بەزاندنیان،
هەروەک یەزدان فەرمووی و سوێندی بۆ خواردن.
* ئیتر ئەمە زۆر تەنگی پێ هەڵچنین.
١٦ ئینجا یەزدان ڕابەری بۆ هەڵدەستاندنەوە و لە دەستی تاڵانکەرانیان ڕزگاریان دەکردن.
١٧ بەڵام نە تەنها گوێیان لە ڕابەرەکانیان نەگرت،
بەڵکو لەشفرۆشییان* کرد بەوەی دوای خوداوەندانی دیکە کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن.
بە خێرایی لەو ڕێیەی باوکانیان لەسەری دەڕۆیشتن لایاندا و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان نەبوون.
١٨ هەر جارێک یەزدان ڕابەری* بۆ هەستاندبانایەوە،
یەزدان لەگەڵ ڕابەرەکە دەبوو،
بە درێژایی ژیانی ڕابەرەکە لە دەستی دوژمنانیان ڕزگاری دەکردن،
چونکە دڵی یەزدان پێیان سووتا لەبەر ناڵەیان بەهۆی ئەوانەی تەنگیان پێ هەڵچنین و دەیانچەوساندنەوە.
١٩ بەڵام کاتێک ڕابەرەکە دەمرد دەگەڕانەوە و لە باوکانیان زیاتر کاری قێزەونیان دەکرد،
بەوەی دوای خودای دیکە دەکەوتن بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن،
وازیان لە نەریتە خراپەکانیان و ڕەفتارە کەللەڕەقەکانیان نەدەهێنا.
٢٠ لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و فەرمووی:
«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە لەو پەیمانەی فەرمانم دا بە باوکانیان شکاندیان و گوێیان لە دەنگم نەگرت،
٢١ ئیتر منیش هیچ کەسێک لەبەردەمیان دەرناکەم،
لەو نەتەوانەی کە یەشوع لە کاتی مردنیدا بەجێی هێشتن.
٢٢ بەکاریاندەهێنم بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکەمەوە و بزانم ئاخۆ وەک باوکانیان ڕێچکەی یەزدان دەگرنەبەر و پەیڕەوی دەکەن یان نا.»
٢٣ ئیتر یەزدان وازی لەو نەتەوانە هێنابوو و بە خێرایی دەرینەکردبوون و نەیخستنە ژێر دەستی یەشوعەوە.