بەشەکانی مەنەشە و ئەفرایم
١ تیروپشک بۆ بەشی نەوەی یوسف دەرچوو،
لە ڕووباری ئوردون لەلای ئەریحا هەتا ئاوی ئەریحا بوو،
بەرەو ڕۆژهەڵات هەتا ئەو چۆڵەوانییەی لە ئەریحاوە سەردەکەوێت بۆ ناوچە شاخاوییەکانی بێت‌ئێل،
٢ لە بێت‌ئێلیشەوە کە پێی دەگوترێ لوز،
بەردەوام بوو بۆ سنووری ئەرکییەکان لە عەتەرۆت و
٣ لەوێشەوە ڕووەو ڕۆژئاوا دابەزی بۆ سنووری یەفلێتییەکان و بۆ سنووری بێت‌حۆرۆنی خواروو و بۆ گەزەر و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست* بوو.
٤ جا نەوەکانی یوسف مەنەشە و ئەفرایم میراتی خۆیان وەرگرت.
 
٥ ئەمانەش سنووری نەوەی ئەفرایم بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان:
سنووری میراتەکەیان لە ڕۆژهەڵات،
عەتەرۆت ئەدار بوو،
هەتا بێت‌حۆرۆنی ژووروو،
٦ ئینجا سنوورەکە بەرەو دەریا چوو،
لە میخمەتات ڕووەو باکوور،
بەلای ڕۆژهەڵاتدا سووڕایەوە بۆ تانەس شیلۆ و پەڕییەوە بۆ یانۆوەح لەلای ڕۆژهەڵات.
٧ سنوورەکە لە یانۆوەحەوە دابەزی بۆ عەتەرۆت و نەعەرا و چوو بۆ ئەریحا و گەیشتە ڕووباری ئوردون.
٨ ئینجا سنوورەکە لە تەپووەح درێژبووەوە بەرەو ڕۆژئاوا بۆ شیوی قانا و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو.
ئەمە میراتی هۆزی نەوەی ئەفرایم بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان،
٩ لەگەڵ ئەو شارۆچکانەی لەناو میراتی نەوەی مەنەشەدا بۆ نەوەی ئەفرایم جیا کرابوونەوە،
هەموو شارۆچکە و گوندەکانیان.
 
١٠ کەنعانییەکانی دانیشتووانی گەزەریان دەرنەکرد،
ئیتر کەنعانییەکان هەتا ئەمڕۆش لەگەڵ ئەفرایمدا نیشتەجێن و وەک کۆیلە بێگارییان پێدەکەن.