یەشوع
فەرمانی یەزدان بۆ یەشوع
١ ئەوە بوو پاش مردنی موسای بەندەی یەزدان،
یەزدان بە یەشوعی کوڕی نونی خزمەتکاری موسای فەرموو:
٢ «موسای بەندەم مرد،
ئێستا هەستە،
خۆت و هەموو ئەم گەلە لە ڕووباری ئوردونەوە بپەڕنەوە بۆ ئەو خاکەی پێیان دەدەم،
واتا بە نەوەی ئیسرائیل.
٣ هەر شوێنێک پێی لێ بنێن،
بە ئێوەی دەدەم،
هەروەک بە موسام فەرموو،
٤ لە چۆڵەوانییەوە هەتا لوبنان و لە ڕووباری گەورە،
ڕووباری فورات،
واتا هەموو خاکی حیتییەکان هەتا دەریای سپی ناوەڕاست* بەرەو ڕۆژئاوا دەبێت بە سنوورتان.
٥ لە هەموو ڕۆژانی ژیانت کەس بەرەو ڕووت ناوەستێت.
هەروەک لەگەڵ موسادا بووم،
لەگەڵ تۆش دەبم و فەرامۆشت ناکەم و بەجێت ناهێڵم.
٦ بەهێزبە و ئازابە،
چونکە ئەو خاکە بۆ ئەم گەلە دەکەیت بە میرات کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خواردووە کە پێیانی بدەم.
٧ «تەنها بەهێزبە و زۆر ئازابە،
بۆ ئەوەی هۆشیار بیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو فێرکردنەی کە موسای بەندەم فەرمانی پێ کردوویت.
نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ لێی لامەدە،
بۆ ئەوەی بۆ هەرکوێیەک بچیت سەرکەوتوو بیت.
٨ پەڕتووکی ئەم فێرکردنە لە دەمت جیا نەبێتەوە،
بەڵکو بە شەو و بە ڕۆژ لێی وردبەرەوە،
بۆ ئەوەی وریابیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو شتانەی تێیدا نووسراوە،
ئەو کاتە ژیانت ڕاستەڕێ دەبێت و سەردەکەویت.
٩ ئایا من فەرمانم بە تۆ نەکرد؟
جا بەهێزبە و ئازابە،
مەتۆقە و ورە بەرمەدە،
چونکە یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتە بۆ هەرکوێ بچیت.»
١٠ ئیتر یەشوع فەرمانی بە کوێخاکانی گەل کرد و پێی گوتن:
١١ «بەناو ئۆردوگاکەدا تێبپەڕن و فەرمان بە گەل بکەن و بڵێن:
”ئازووقە بۆ خۆتان ئامادە بکەن،
چونکە پاش سێ ڕۆژی دیکە لە ڕووباری ئوردونەوە دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ هەتا ببنە خاوەنی.“»
١٢ پاشان یەشوع بە ڕەئوبێنی و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشەی* گوت:
١٣ «ئەو وشەیەی موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردن،
بەبیری خۆتانی بهێننەوە،
کە پێی ڕاگەیاندن یەزدانی پەروەردگارتان،
ئێوەی حەساندەوە و ئەم خاکەی پێدان.
١٤ ژن و منداڵ و ئاژەڵی ماڵیتان لەم خاکەدا دەمێننەوە کە موسا پێیدان،
لەم بەری ڕووباری ئوردون بەرەو ڕۆژهەڵات،
بەڵام هەموو جەنگاوەرە قارەمانەکان بە چەکەوە لەپێش براکانتانەوە دەپەڕنەوە.
یارمەتی براکانتان دەدەن
١٥ هەتا یەزدان وەک ئێوە براکانتان دەحەسێنێتەوە و ئەوانیش دەست بەسەر ئەو خاکەدا دەگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتێ.
دوای ئەوە دەگەڕێنەوە بۆ خاکەکەی میراتیتان و داگیری دەکەن،
ئەوەی موسای بەندەی یەزدان لەم بەری ڕووباری ئوردون بەرەو ڕۆژهەڵات پێیدان.»
١٦ ئەوانیش وەڵامی یەشوعیان دایەوە و گوتیان:
«هەموو ئەو شتانەی فەرمانت پێ کردین جێبەجێی دەکەین و بۆ هەر شوێنێکمان بنێریت دەچین،
١٧ بەپێی هەموو ئەوەی گوێڕایەڵی موسا بووین ئاوا گوێڕایەڵی تۆش دەبین.
با یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵت بێت وەک چۆن لەگەڵ موسا بوو.
١٨ هەرکەسێک یاخی بێت لە فەرمانەکانت و گوێڕایەڵی وشەکانت نەبێت لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێ دەکەیت،
دەکوژرێت،
بەڵام تەنها بەهێز و ئازابە!»