١ ئیتر بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو پیاوێکی بەهرەمەند کە یەزدان دانایی و تێگەیشتنی پێدابن هەتا بزانن چۆن کار بکەن لە هەموو کاری خزمەتکردنەکە لە پیرۆزگا،
دەبێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردوون بیکەن.»
٢ ئینجا موسا بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو کەسێکی کارامە کە یەزدان توانای پێدابوو و خواستی ئەوەی هەبوو بێت بۆ کارکردن بانگی کردن.
٣ هەموو ئەو پیتاکەیان لە موسا وەرگرت،
ئەوەی نەوەی ئیسرائیل هێنابوویان بۆ کاری خزمەتکردن لە بنیادنانی پیرۆزگا،
ئەوانیش بە خواستی خۆیان هەموو بەیانییەک بەخشینیان بۆی دەهێنا.
٤ ئینجا هەموو ئەو پیشەوەرە کارامانەی کە لە پیرۆزگادا کاریان دەکرد،
کارەکەیان بەجێهێشت و هاتنە لای موسا
٥ و پێیان گوت:
«گەل زیاد لە پێویست دەهێنن بۆ ئەو کارەی کە یەزدان فەرمانی بە کردنی کردووە.»
٦ ئیتر موسا فەرمانی دا و لە ئۆردوگاکە بانگەواز کرا و گوترا:
«با هیچ پیاوێک یان ژنێک ئیتر شت بۆ پیتاکی پیرۆزگا دروست نەکات.»
جا گەل لە هێنان وەستان،
٧ چونکە ئەو کەرەستانەی کە پێشتر هێنرابوون بەشی هەموو کارەکانی دەکرد و زیاتریش بوو.
چادری پەرستن
٨ هەموو بەهرەمەندێک لەوانەی کاریان لە دروستکردنی چادرەکەی پەرستن دەکرد،
دە پڵاسیان* لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستکرد،
لەگەڵ وێنەی کەڕوبەکان* بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا دروستیان کردن.
٩ درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ و پانییەکەی چوار باڵ بوو،
* یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان.
١٠ پێنج پڵاس پێکەوە بەستران و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە.
١١ ئەڵقەشیان لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستکرد،
هەمان شتیان بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم کرد.
١٢ پەنجا ئەڵقەیان بۆ پڵاسی یەکەم دروستکرد و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە،
ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بوون.
١٣ پەنجا فاقی* زێڕیشیان دروستکرد.
بە فاقەکان پڵاسەکانی هەریەکە و لەوەی تەنیشتی بەستەوە،
ئیتر چادری پەرستن بووە یەک پارچە.
١٤ هەروەها ڕەشماڵێکیان لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستکرد و سەری چادری پەرستنیان پێ گرت.
١٥ درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ* و پانی چوار باڵ* بوو،
یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە.
١٦ پێنجیان لە پڵاسەکان پێکەوە بەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە.
١٧ پەنجا ئەڵقەیان لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستکرد،
پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم.
١٨ پەنجا فاقی بڕۆنزیشیان دروستکرد بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی چادرەکە هەتا ببێتە یەک پارچە.
١٩ پۆشەرێکیشیان لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستکرد،
پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە.
٢٠ چوارچێوەشیان* لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستکرد.
٢١ درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ و پانی باڵ و نیوێک بوو.*
٢٢ دوو زمانەشیان بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستکرد بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی،
بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوایان کرد.
٢٣ چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش،
بیستیان لەلای باشوور دروستکرد،
٢٤ چل بنکەی زیویشیان لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستکرد،
دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی.
٢٥ بیست چوارچێوەیان بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستکرد.
٢٦ چل بنکەی زیویشیان هەبوو،
دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە.
٢٧ بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە،
٢٨ دوو چوارچێوەشیان بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستکرد.
٢٩ لە خوارەوە جووت بوون و هەتا سەرەوە یەک بوون،
هەتا بازنەکەی سەرەوە،
بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوایان کرد.
٣٠ ئینجا هەشت چوارچێوە بوون و بنکە زیوەکانیشیان شازدە،
هەر دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک.
٣١ پێنج کاریتەشیان لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستکرد،
٣٢ پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن،
پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا.
٣٣ کاریتەکەی ناوەڕاستیشیان وا دروستکرد بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت،
لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر.
٣٤ چوارچێوەکانیشیان بە زێڕ ڕووکەش کرد و بازنەکانیشیان لە زێڕ دروست کرد کە کاریتەکانی دەچنە ناو،
کاریتەکانیشیان بە زێڕ ڕووکەش کرد.
٣٥ پەردەیەکیشیان لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد،
بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانیان لەسەر دروستکرد.
٣٦ چوار کۆڵەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن،
قولاپەکانیشیان لە زێڕ بوون.
چوار بنکەی زیویشیان بۆ داڕشتن.
٣٧ پەردەی دەروازەشیان بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد،
چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک،
٣٨ پێنج کۆڵەکەکەی و قولاپەکانیشیان،
سەرەکانی و ئەڵقەکانیشیان بە زێڕ ڕووکەش کرد،
پێنج بنکەکەشی لە بڕۆنز بوون.